13 هەزار ماڵ لە ناوەندی شاری ڕانیە بێئاون
بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین: بەهۆی وشکەساڵییەوە 80%ـی ئاوی پرۆژەی قولە کەمی کردووە

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە زیاتر لە 13 هەزار ماڵ تووشی گرفتی کەمئاوی بوونەتەوە.
دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، سەلام عومەر، بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوودا ئاومان بۆ ناوچەکانی دیکەی سنوورەکە دەنارد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە 80%ـی ئاوی پڕۆژەی قولە کەمی کردووە، کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاوی قەزای ڕانیە.
بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کەمبوونی ئاوی پرۆژەی قولە، زیاتر لە 13 هەزار ماڵی گەڕەکە کۆنەکانی ڕانیە تووشی گرفتی کەمئاوی بوون.
گوتیشی: دەتوانین ڕۆژێک نا ڕۆژێک کەمتر لە کاتژمێرێک ئاو بۆ ئەو ماڵانە دابین بکەین، هەرچەندە ئەمە پێویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان پڕ ناکاتەوە، بۆیە ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن.
لەبارەی نرخی تانکەری ئاو، سەلام عومەر دەڵێت: ڕێگەمان نەداوە خاوەن تانکەرەکان قۆرخکاری بکەن و دۆخەکە بقۆزنەوە، بە ئارەزووی خۆیان نرخی ئاو زیاد بکەن، بۆیە بەردەوام لیژنەکانمان چاودێری نرخ دەکەن و ئێستا نرخی تانکەری ئاو لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار دینارە، بەڵام دەبێت هاووڵاتیان بۆ دەستکەوتنی ئاو سەرەتا ناو بنووسن، چونکە ڕاستەوخۆ دەستیان ناکەوێت.
ئەمساڵ کەمتر لە 300 ملیمەتر باران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین باریوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران، بەشێک لە لە کانیا و ڕووبارەکان وشک بوون، هەروەها وشکەساڵییەکی چاوەڕوان نەکراو سنوورەکەی گرتووەتەوە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر بێئاوی ماڵان لە ڕانیە و بەشێک لە گوندەکانی سنوورەکە، گوتیشی: نزیکەی 400 گوند لە سنووری ئیدارەکە هەن و مەترسی چۆڵبوونیش لەسەر پێنج گوند هەیە.