عێراق.. بەهۆی کەمئاویەوە پلانی کشتوکاڵی گۆڕانی تێدا دەکرێت
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، ئاو لە عێراق زۆر کەمی کردووە، بەشێوەیەک پلانی کەمکردنەوەی داچاندنی گەنم و جۆ دەکات.
مەهدی زەمەد قەیسی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، عێراق لە قۆناغی کەمئاوی کاتی چووەتە قۆناغی کەمی درێژخایەن، جەختیشی کردەوە، پێویستە عێراق تیمێکی دانوستانکاری تەکنیکی هاوبەشی هەبێت کە لە حکوومەت و پەرلەمان پێکبێت، کە پەیوەست بێت بە دەسەڵاتی باڵای وڵاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق لەبەردەم مەترسیدایە، چونکە یەدەگی ئاو بۆ کەمتر لە 10 ملیار مەتر سێجا کەمبووەتەوە، هەروەها بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی چاندنی جۆ، تەنیا ڕەزامەندی لەسەر چاندنی 200 دۆنم جۆ دراوە، ئەویش بۆ پاراستنی جۆرەکەیەتی."
گوتیشی: پێشبینی دەکرێت "پلانی کشتوکاڵی زستانە کەمبکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چاندنی گەنم و جۆ، هەروەها چاندنیان سنووردار دەبێت بە ئاوی ڕووبارەکان، دەشڵیت: شوێن هەیە بۆ چاندنی ئەو دانەوێڵانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری سەردەمیانە".
ڕوونیشی کردەوە "چاندنی سەوزە پێویستی بە بەکارهێنانی ئاوی زۆر نییە و بە ئاودێری دڵۆپ دڵۆپ ئاو دەکرێت، کێشە لە چاندنی نییە ئەگەر بە درێژایی ساڵیش بێت."
باسی لەوەش کرد، وەزارەت داوای کردبوو ماسی لە حەوزی کراوەدا بەخێو بکرێت، بەڵام دوای دابەزینی ئاستی ئاو، داوامان کردووە ماسی لە حەوزی داخراودا بەخێو بکرێت.