عەباس ئەکرەم: لە 45% داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێت

بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی دایک و باوکان و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان تاوەکو 45% داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل دەکرێت، هەروەها لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکانیش داشکاندنەکە تاوەکوو %25 دەبێت.
سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتووێی دۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆیە بە بڕیاری ئەنجومەنەکە بڕیار لەسەر داشکاندنی نرخی کرێی خوێندنی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان دراوە بۆ تەواوی ساڵەکانی کابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: تاوەکو کۆتایی ئەم کابینەیە کرێی خوێندن بەمجۆرە دەبێت، کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان 45% و لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکانیش، لە نێوان %10 بۆ %25 داشکاندنی بۆ دەکرێت، ئەمەش بە گوێرەی ئەنجامەکانی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکان دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەش دا، هیچ جیاوازییەک لەنێوان کرێی خوێندنی پارالێل لە بەیانیان و ئێواران ناکرێت، هاوکات وەک ساڵانی ڕابردوو، لێخۆشبوون بۆ کرێی خوێندنی منداڵان و کەسوکاری شەهیدانیش بەردەوام دەبێت.
لە هەرێمى کوردستان ئێستا 20 زانکۆى حکوومى، 17 زانکۆ و 12 پەیمانگەی ئەهلی هەن، کە بەسەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دابەشبوون.