زێدان: هه‌ركاتێك ئه‌م پرسیاره‌م لێده‌كه‌ن پێكه‌نینم دێت
زێدان: سه‌ركه‌وتووه‌كان هه‌میشه ره‌خنه‌یان لێده‌گیردرێت
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ڤه‌له‌د وه‌لید له لالیگا به‌شداریی له پرێس كۆنفرانسێك كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه مه‌به‌ستیانه له‌م وه‌رزه سه‌رجه‌م یارییه‌كان ببه‌نه‌وه، ده‌شڵێت: هه‌میشه ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتوون ره‌خنه‌ی زۆریان لێده‌گیرێت.
زێدان له وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌نووساندا له باره‌ی یارینه‌كردنی ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌و پرسیاره هه‌میشه وایلێده‌كات پێپكهنێت، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: پرسیاره‌كانتان سه‌یرن هه‌ندێكجار پێویسته پێپكهنم، چونكه من 25 یاریزانم له‌به‌رده‌سته، به دڵنیاییه‌وه پشت به هه‌موویان ده‌به‌ستم و به‌پێی بارودۆخ به‌شداری به یاریزانه‌كان ده‌كه‌م و پلانی خۆم بۆ هیچ شتێك ناگۆڕم، ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستمه لێی رازیم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ش نه‌كه‌ین، من كێشه‌م نییه و پێموایه باشترین پێكهاتهم هه‌یه.
زێدان گوتیشی: من چه‌ند هێرشبهرێكم هه‌یه، وه‌رزێكی درێژمان له‌به‌رده‌مه و پێویسته په‌له نه‌كه‌ین و به ئارامی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دۆخه‌كان بكه‌ین، هه‌ردوو یاریزان لوكا یوڤیچ و بۆرخا مایۆراڵ یاریزانی ئێمه‌ن و زۆر به‌باشی راهێنان ده‌كه‌ن و پێویسته چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا كۆتایی بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان.
زیزۆ جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه تیپه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م یارییه‌كان بباته‌وه، گوتیشی: متمانه‌یه‌كی زۆرم به یاریزانه‌كانم هه‌یه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له هه‌موو یارییه‌ك 3 خاڵ به‌ده‌ستبێنن، به‌ڵام ئه‌وه زۆر زه‌حمه‌ته، چونكه له‌م وه‌رزه هیچ یانه‌یه‌كی بچووكی تێدا نییه و 3 رۆژ جارێكیش یارییمان هه‌یه.
له باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هازارد، راهێنه‌ری ریال مه‌درید جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌ستێره به‌لجیكاییه‌كه به‌باشی راهێنان ده‌كات، به‌ڵام تا به رێژه‌ی 100% ئاماده نه‌بێت به‌شداری پێ ناكات.
زیزۆ له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا ڕه‌تی كرده‌وه كه رافاییل ڤاران ئاستی دابه‌زی بێت، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئاستی ئێستای ڤاران وه‌كو وه‌رزی رابردووه و زۆر متمانه‌م پێیه‌تی.
له گه‌ڕی چواره‌می لالیگا، سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 10:30ـی شه‌و یانه‌ی ریال مه‌درید له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ڤه‌له‌د وه‌لید ده‌كات، ئه‌مه سێیه‌مین یاری ریال مه‌درید ده‌بێت له‌م وه‌رزه و یارییه‌كی دواخراوی هه‌یه.