ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس

بەلەمێکی پەنابەران (ئەرشیف)
بەلەمێکی پەنابەران (ئەرشیف)

لانیکەم 20 کەس لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی لامپیدۆسای ئیتاڵیا گیانیان لە دەست دا. 

فلیپیۆ ئۆنگارۆ، گوتەبێژی کۆمسیاریای باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی 'لامپیدۆسا'ـی ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت، کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لانیکەم 20 کەس گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن.

فلیپیۆ ئۆنگارۆ، نیگەرانی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی و ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە لامپیدۆسا یارمەتی ڕزگاربووان دەدەن. باسی لەوەش کرد، نزیکەی 60 پەنابەر، کە لە 56 پیاو و چوار ژن پێکدێن، ڕزگار کراون و بە سەلامەتی گەیەندراونەتە دوورگەی لامپیدۆسا. ئۆنگارۆ گوتیشی "بەداخەوە، لەنێو قوربانییەکاندا تەرمی منداڵێکی ساوا و چەند منداڵێکی دیکە دۆزراونەتەوە."

ڕێڕەوی کۆچ لە باکووری ئەفریقاوە بۆ باشووری ئەوروپا بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچ لە جیهاندا دادەنرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 24 هەزار و 500 کەس لەم ڕێگەیەدا گیانیان لە دەست داوە یان بێسەروشوێن بوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی هەمان ڕێکخراو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 675 کۆچبەر لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، زیاتر لە 30 هەزار پەنابەر و کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، کە ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، 16% زیادیکردووە.

دوورگەی لامپیدۆسا لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەوە بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گەیشتنی پەنابەران لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئەورووپا. ناوەندی پێشوازی لە پەنابەران لە دوورگەکەدا، کە بۆ نزیکەی 400 کەس دروست کراوە، زۆربەی کات بەهۆی زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر دەبێتەوە و باری سەرشانیان قورس دەکات.

یەکێک لە خوێناویترین کارەساتەکان لە نزیک ئەم دوورگەیە لە 3ی تشرینی یەکەمی 2013 ڕوویدا، کاتێک بەلەمێک کە زیاتر لە 500 پەنابەری هەڵگرتبوو ئاگری گرت و ژێرئاو کەوت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 368 کەس.