میلانیا ترەمپ هەڕەشە لە کوڕەکەی بایدن دەکات

میلانیا داوای یەک ملیار دۆلار قەرەبوو لە هەنتەر دەکات

 دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی هەنتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆ بایدن، میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمەریکا هەڕەشەی لێدەکات و  دەڵێت  ئەگەر داوای لێبوردن نەکات و چاوپێکەوتنەکە نەسڕێتەوە، ئەوا هەریەک لە کەناڵ 5 و کوڕەکەی بایدن ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە.

لە سەرەتاکانی مانگی ئابدا هەنتەر بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ 5ی ئاندڕۆ کالاهان ، باسی چۆنیەتی یەکترناسینی دۆنالد ترەمپ و هاوسەرەکەی میلانیا ترەمپ دەکات و دەڵێت؛ ئەوان لە ڕێگەی جێفری ئێپستینەوە یەکتریان  ناسیوە کە تۆمەتبار بوو بە بازرگانی بە کچانی هەرزەکار.

 ئەلیخاندرۆ بریتۆ، پارێزەری میلانیا ترەمپ، لە 6ی ئەم مانگەدا نامەیەکی بۆ هەنتەر و پارێزەرەکەی نارد و گوتی: میلانیا داواکارە بە زووترین کات ئەو چاوپێکەوتنە لەسەر یوتیوب بسڕێتەوە و هەنتەر داوای لێبوردن لە میلانیا بکات لە بارەی ئەو تۆمەتە نەشیاو و ناڕەوایانەی خستوویەتییە پاڵیەوە کە ئامانجیان ناشرینکردنی میلانیایە.

بە پێی داواکاری گشتیی، جێفری ئیپستین لە ساڵانی نێوان 2002 و 2005 چەندین پەیوەندی سێکسی لەگەڵ منداڵی هەرزەکاردا هەبووە و بازرگانیی پێوەکردوون. هەر بەو تۆمەتەشەوە زیندانی کرابوو تا لە 2019 دا لە زیندانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە پێی قسەکانی هەنتەر لە چاوپێکەوتنەکەدا، پیاوە بەهێزەکانی جیهان لەگەل ئێپستیندا مامەڵەیان دەکرد و هەر بەو هۆیەشەوە لە زینداندا کوژرا بەر لەوەی هەموو شتێک بدرکێنێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment