مانگی سووری عێراق: خزمەتگوزاریی تەندروستیمان پێشکەش بە زیاتر لە 980 هەزار زیارەتکار کردووە
مانگی سووری عێراق ڕایگەیاند، خزمەتگوزاری فریاگوزاریی و تەندروستییان پێشکەش بە زیاتر لە 980 هەزار زیارەتکارانی عێراقی و بیانی کردووە لە چلەی ئیمام حوسێن دا.
مانگی سووری عێراقی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، تیمەکانمان خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی و فریاگوزاری سەرەتاییان پێشکەش بە 980 هەزار و 319 زیارەتکاری عێراقی و بیانی کردووە، کە لە پارێزگاکانی عێراقەوە هاتوون. ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی بۆ زیارەتکارانی بیانی کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەولێر و بەسرە و واست و دیالەوە هاتوونەتە کەربەلا بۆ ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە تیمە خۆبەخشەکانمان لە پارێزگاکان و دەروازە سنووریەکان بڵاوکردووەتەوە و کۆمەڵێک خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە، لەوانە، چاودێری تەندروستی سەرەتایی کە 184 هەزار و 232 کەس لێی سوودمەند بوون، هەروەها سێ هەزار و 165 نەخۆش بە ئەمبولانس گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکان.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەباس بەهادلی ڕایگەیاند، چوار ملیۆن و 100 هەزار زیارەتکار بیانی بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن، هاتوونەتە عێراق.