چینییەکان لەسەر شێواز و دیزاینی خۆیان پارکێکیان لە هەولێر دروستکردووە

بۆ زیاتر گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان چین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کونسوڵخانەی چین ژمارەیەک پارک لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات.
ئەندام موحسین، ئەندازیار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025، بە شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: پارکی چینی، لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی چینەوە لە هەولێر دروستکراوە، لەسەر ڕووبەری 11 هەزار مەتر دووجا ، زیاتر لە نۆ هەزار مەتری بە سەوزایی ڕووپۆشکراوە، لەسەر شێواز و کلتوری چینی دروستکراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سوود لە وزەی خۆر وەرگیراوە بۆ ڕووناکردنەوەی لە شەو دا، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم پارکە ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی دەکرێت، بیرۆکەی دروستکردنی بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، هەروەها کونسوڵخانەی چین بڕیاری داوە، هەشت پارکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دروستبکات.
پەیوەندییەکانی نێوان چین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدایە و ساڵانە حکوومەتی چین، دەرفەت بۆ فەرمانبەران دەڕەخسێنیت بۆ ئەوەی سوودببینین لە خولەکانی پەرەپێدان، هاوکات چەندین پرۆژەی پەروەردەییان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.