هەسەدە: چوار ئەنداممان لە دەستی داعش ڕزگار کرد

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێکدا، چوار ئەندامی خۆیان لە چنگی داعش ڕزگارکردووە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کە بە هێزی هاوپەیمانی ئەمەریکا بۆ شەڕکردن دژی داعش لە سووریا، ئەژمار دەکرێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار ئەندامی ڕفێندراوی خۆی لە دەستی داعش ڕزگار کردووە.

هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور ئەو چوار ئەندامەی خۆیان ڕزگارکرد کە چەند چەکدارێکی شانەی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) ڕفاندبوویانی.

هەر بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، چوار ئەندامەکەیان کە لە ئەرکی فەرمیدا نەبوونە، بۆ وەرگرتنی چارەسەریی، چوونەتە ناوەندی پزیشکی  شارۆچکەی غەرانیج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

هەسەدە لە بەیاننامەکەدا دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی چەکدارەکانی داعش لەناو دەبات.