عەلی حوسێن: پارتی هێز و سەنگی خۆی پاراستووە و لە هاوکێشەکاندا حیسابی بۆ دەکرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بە درێژایی مێژوو "پارتی ئامرازێک بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان". دەشڵێت "پارتی حیزبێکی بەهێز و گرنگە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لە هەموو هاوکێشەکاندا حیسابی بۆ کراوە."
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی حزبەکە لە سلێمانی، لە میانی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025ـی کوردستان24؛ کە لەلایەن گوڵباخ بەهرامییەوە پێشکەش کرا، باسی لە مێژووی دامەزراندن و ئامانجەکانی پارتی، پەیوەندییەکانی پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، دۆخی ناوچەکە و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
دامەزراندنی پارتی و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی "بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی، لە کاتێکی گرنگ و هەستیار و لە پێویستییەکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند." دووپاتیشی کردەوە، بە درێژایی مێژوو "پارتی ئامرازێک بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان."
لەبارەی بۆچی زۆر جار دەگوترێت، هەموو کەسێک، پارتیبوونێک قەرزارە؟ عەلی حوسێن گوتی "ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئامانجەکان، بە ئازادیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە، ئەوانەی باوەڕیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە، لای ئێمە پارتییە، واتە ئەگەر ئەندامی پارتیش نەبێت. هەر ئەندامێک، هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر، هەر کوردێک پەیامی کوردایەتیی هەبێت، ئەمە پەیامی پارتییە، پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پەیامی ڕێبازی بارزانییە."
وەکوو ئەوەی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی ئاماژەی پێ دا "ئەو حیزبانەی تەمەنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگاتە 70 بۆ 80 ساڵ، یان نەماون یان پێگەیان زۆر لاواز بووە؛ بەڵام پارتی ئێستاش هەم حیزبێکی بەهێز و گرنگە لەسەر ئاستی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراقیش. بنەمای مانەوەی پارتی، بنەماکانی دامەزراندنی و بەردەوامییەتی لەسەر ئەو ڕێبازە، ڕێبازی بارزانی و کوردایەتییە. بۆیە تاوەکوو ئێستا پێمان وایە خەڵکی کوردستان پێویستیان بەو بیرە و ڕێبازەیە بۆ گەیشتن بە ئازادیی نەتەوەیی و نیشتمانی، چونکە قۆناغی ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان هێشتا ماویەتی، ئەو ئامانجانەی کە پارتی لەسەری دامەزرا."
ڕۆڵی پارتی لە یەکخستنی نێو ماڵی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان
لەبارەی ڕۆڵی پارتی لە یەکخستنی نێو ماڵی کورد، عەلی حوسێن ئەوەی خستەڕوو "لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تاوەکوو ئێستا، پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری سەقامگیری، تەبایی، برایەتی و پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان بووە؛ بەڵام لەهەمان کاتدا، پارتی سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نەکردووە." دووپاتیشی کردەوە "هیچ کاتێک پارتی لە بەرپرسیارێتی ڕای نەکردووە و ئامادەی قوربانیدان بووە لە پێناوی گەل و وڵات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتیشی "پارتی هەر لە سەردەمی بارزانیی نەمرەوە و دواتریش لەسەر دەستی جەنابی سەرۆک بارزانی، دیدگایەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەبووە. باوەڕی بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان هەبووە لە هەر پارچەیەکدا و بەپێی تایبەتمەندییەکانی ئەو پارچەیە. خۆی نەکردووە بە جێگرەوەی پارچەکان، بەڵکوو هاوکار بووە لە هەموو قۆناغەکاندا بەپێی پێداویستیی قۆناغی هەنووکەیی و سەردەمیانە. بڕیاری کۆتایی بۆ ئەوان جێهێشتووە، بەڵام بۆ هاوکاری، ڕێنمایی و پشتیگیری، هەمیشە پارتی و ڕێبازی بارزانی و بەتایبەتیش ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی باوەڕپێکراو و ڕێبەرێکی گەورە کە جێگەی متمانەی نیشتمانپەروەرانی کوردە لە هەر پارچەیەکی کوردستان، بە دڵنیاییەوە لە ڕاوێژ، پشتیگیری و ڕێنماییدا، وەک باسم کرد، بەپێی تایبەتمەندیی هەر پارچەیەک، هاوکار بووە. ئەو متمانەیەش لە کۆمەڵێک قۆناغدا ڕەنگی داوەتەوە و بە کردەوە سەلمێنراوە کە تێڕوانینی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان تێڕوانینێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، دوور لە بابەتی حیزبی و کەسی."
ڕۆڵ و پێگەی پارتی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پاراستنی باڵانس
عەلی حوسێن باسی لەوە کرد "ئەگەر سەیری قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی خەباتی گەلی کوردستان بکەین، قۆناغی ئەمڕۆ قۆناغێکی گەورە و گرنگە. پێگەی کورد لەسەر ئاستی جیهان و لەناو ئەو وڵاتانەی بڕیاربەدەستن و سیاسەتی ناوچەکە دادەڕێژن، تا ڕادەیەکی باش چووەتە پێش. بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ بووە لە ساڵانی ڕابردوودا و لە مێژووی خەباتی پارتیدا تاوەکوو ئەمڕۆ. ئەمڕۆش لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بێگومان ڕۆڵی پارتی ڕۆڵێکی گەورەیە و حیسابی بۆ کراوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێی وایە "ئەگەری گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا هەیە و ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە، بە بەغداشەوە، هەست بەو ئەگەرانە دەکەن. بە دڵنیاییەوە پارتی بە حیزبێکی گرنگ و گەورە دەزانن و پێیان وایە بە هەندێک گوشار و فشاری لەو شێوەیە، پارتی سازش لەسەر مافی گەلی کوردستان دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پارتی سازش ناکات و سوپاسی گەلی خۆشمان دەکەین کە تێگەیشتنیان بۆ ئەو گوشارانە هەیە کە دەخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی."
عەلی حوسێن ڕاشیگەیاند "ئێمە پێمان وایە وەک کورد، دژایەتیمان لەگەڵ هیچ کام لە گەلانی ناوچەکەدا نییە. ئێمە لەسەر ئەم خاکە دروست بووین و خوا ئێمەی لێرە دروست کردووە. حەز ناکەین کێشەمان نە لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی ناوچەکە و نە لەگەڵ دەوڵەتەکانیشدا هەبێت. بە دڵنیاییەوە ئەو وڵاتانەی کێشەیان لە ناوچەکەدا هەیە یان سیاسەتی هەرێمی بەرژەوەندیی ئەوانی تێدایە، ئێمە هەوڵ دەدەین لەو بابەتەدا هاوسەنگی ڕابگرین."
جەختیشی لەوە کردەوە "ئێمە نابینە بەشێک لە کێشمەکێشی ناوچەکە و هەوڵ دەدەین بەرژەوەندییەکانی خۆمان، گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان بپارێزین. بێگومانیش سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە و جەنابی سەرۆک بارزانی خوێندنەوەیان بۆ دۆخی سیاسی، بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی هەرێمایەتی هەیە. لەو نێوەندەدا، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان بپارێزین و نەبینە لایەن لە ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا."
دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت
لەبارەی دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، عەلی حوسێن ڕایگەیاند "هەڵبژاردنمان کردووە و بێگومان دەبێت ڕێز لە ئیرادە و دەنگی خەڵک بگیرێت. پارتی پێداگر بووە لەسەر ئەوە و بێگومانیش ڕێز لەو هاوپەیمانییەی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان دەگرێت، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوبەشی ئێمەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت ڕەچاوی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت. بۆیە گفتوگۆکان تا ئێستا بەردەوام بووە و گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە هەوڵ بدەین بۆ مانگی ئەیلول پەرلەمان دەستبەکار بێت."
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە "ئەگەر پەرلەمان دەستبەکار بێت، بێگومان هەنگاوەکانی داهاتووش بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت، قۆناغ بە قۆناغ، یەک لەدوای یەک دێن و کاریان بۆ دەکرێت. هەردوو لاش کەم تا زۆر لەسەر ئەو بابەتە هاوڕان."
لەبارەی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، عەلی حوسێن باسی لەوە کرد "جیاوازیی بۆچوون هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لێکتێگەیشتنیش هەیە. مادام گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە بتوانین سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین و پەرلەمان دەستبەکار بێت، ئەمە هەنگاوی یەکەمە و ئەرێنییە، بەرەو پێکهێنانی حکوومەت و هەروەها بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمیش."
پارتی، بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی "پێی وایە بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆ لە کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، نەک هەر بۆ لایەنە سیاسییەکان، بەڵکوو بۆ هاووڵاتیانیش. بەرپرسیارێتی بریتییە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی. بۆیە پارتی بەردەوام دەرگای کراوە بووە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێی وایە چ ئەوانەی لە حکوومەتن و چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن، هەموومان بەرپرسیارین، بەڵام هەر یەکە بەپێی پێگە و ئاڕاستەی خەباتی سیاسیی خۆی. لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا دەرگامان کراوە بووە و لەدوای پێکهێنانی حکوومەتیش، وەک ئۆپۆزیسیۆن، لە بابەتە ستراتیجی و گرنگەکاندا کە پەیوەستن بە مافەکانی گەلی کوردستانەوە و پێویستیان بە خاڵی هاوبەش، تێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندییەکان هەیە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە و ئامادەشە."
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشە تائیفی و سیاسییەکانی عێراق
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کرد "هەم لەناو لایەنە عێراقییەکان، هەم لایەنە کوردستانییەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی دەرەوەش، لەبەرئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی کەسێکی متمانەپێکراو بووە و خاوەنی پەیام و قسەی خۆی بووە و پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە بووە کە ئەنجام دراون، بۆیە بە دڵنیاییەوە زۆر جار قسەکانی بەهەند وەردەگیرێن، چونکە دەزانن کەسێکی ڕاستگۆیە لە مامەڵەکردنیدا."
دەقی چاوپێکەوتنی عەلی حوسێن لەگەڵ کوردستان24:
کوردستان24: با سەرەتا لە بنەما هزرییەکانی پارتییەوە دەستپێبکەم، لەسەر ئەو بنەما و ئامانجانەی کە پارتی دامەزراوە، تا ئێستا تا چەند توانیویەتی بەدیهێنەری دەسکەوتەکان و ئامانجەکانی خۆی بێت؟
عەلی حوسێن: پێش هەموو شتێک سڵاوی ڕێز و نەوازش بۆ دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی، کە لە کاتێکی گرنگ و هەستیار لە پێویستییەکی مێژوویی، پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند. سڵاو بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە ڕێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانی و گەلی کوردستانە و ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونییەتی. سڵاو لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی، لە خانەوادەی شەهیدان، لە پێشمەرگە نەبەردەکان، لە هەموو دۆست و لایەنگرانی پارتی.
کوردستان24: باشە کاک عەلی بۆچی دەڵێن هەر کەسێک کوردێکی دڵسۆز بێت، پارتییەکی ڕاستەقینەیە، ئەگەر ئەندامی پارتیش نەبێت، بۆچی دەڵێن، هەموو کەسێک پارتیبوونێک قەرزدارە؟
عەلی حوسێن: بەڵێ، ئەمە پەیامی بارزانیی نەمرە و جەنابی سەرۆک بارزانیش تەئکیدی لێ دەکاتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەسیلە بووە بۆ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کوردستان. ئەوانەی کە بڕوایان بە ئامانجەکان، بە ئازادیی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەیە، ئەوانەی بڕوایان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە، لای ئێمە پارتییە، یانی ئەگەر پارتیش نەبێت. هەر ئەندامێک، هەر کوردێکی نیشتیمانپەروەر، هەر کوردێکی پەیامی کوردایەتی هەبێت، ئەمە یانی پەیامی پارتییە، پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پەیامی ڕێبازی بارزانییە.
کوردستان24: باشە، دوای 79 ساڵ پارتی هێشتا پەناگەیە و هیوایە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، جێگەی ئومێدە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەش. ئەم متمانەیە بە پارتی لە چییەوە هاتووە و هۆکاری ئەم متمانەیە چییە؟
عەلی حوسێن: زۆر جار گوتوومانە، ئەو حیزبانەی تەمەنیان 70 بۆ 80 ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان نەماون، یان پێگەیان زۆر لاواز بووە؛ بەڵام پارتی ئێستاش هەم حیزبێکی بەهێز و گرنگە لەسەر ئاستی کوردستان، لەسەر ئاستی عێراقیش. بنەمای مانەوەی پارتی، بنەماکانی دامەزراندنی پارتی و بەردەوامییەتی لەسەر ئەو نەهجە، ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی. بۆیە تاوەکوو ئێستا پێمان وایە خەڵکی کوردستان پێویستیان بەو فیکرە، بەو ڕێبازە، بەو نەهجەیە، بۆ ئازادیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، چونکە ئێستاش قۆناغی ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستان هێشتا ماوە، ئەو ئامانجانەی کە پارتی لەسەری دامەزرا.
کوردستان24: پارتی ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە یەکخستنی یەک ڕیزیی ماڵی کورد، بە تایبەتی سەرۆک بارزانی هەموو ڕێگاکان دەگرێنەوە لای ئەو کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت. لە پرسی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان کە ئێستا بە قۆناغێکی مێژوویی و هەستیاردا تێدەپەڕن، پارتی چ ڕۆڵێکی هەبووە؟
عەلی حوسێن: پارتی هەر لەسەردەمی بارزانیی نەمرەوە و دواییش جەنابی سەرۆک بارزانی، ڕوئیای پارتی، ڕوئیایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە. بڕوای بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان هەبووە لە هەر پارچەیەک و بەپێی تایبەتمەندییەکانی پارچەکە. خۆی نەکردووە بە بەدیلی پارچەکان، بەڵام هاوکار بووە لە هەموو قۆناغەکان بەپێی پێداویستیی قۆناغی هەنووکەیی و سەردەمیانە. بڕیاری کۆتایی بۆ ئەوان داوە، بەڵام هاوکاری و ڕێنمایی و پشتیگیری، هەمیشە پارتی و ڕێبازی بارزانی و بەتەئکید ئەمڕۆش جەنابی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێک، وەک ڕێبەرێکی گەورە کە جێگەی متمانەی نیشتیمانپەروەرانی کوردە یان کوردستانییان لە هەر پارچەیەکی کوردستان، بە تەئکید لە موشاوەرەت و لە پشتیگیری و لە ڕێنمایی وەک باسم کرد بەپێی تایبەتمەندیی هەر پارچەیەک، بە تەئکید هاوکار بووە. وە ئەو متمانەیەیش ڕەنگی داوەتەوە لە کۆمەڵێک قۆناغ، ئەو قۆناغانە بە کردەوە ڕەنگی داوەتەوە کە ڕوانگەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوانگەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە، بەبێ بابەتی حیزبی و شەخسی.
کوردستان24: فشارێکی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی لەلایەن بەغداوە. پارتی بەردەوام پارێزەری مافەکانی گەلی کوردستان بووە لە چوارچێوەی دەستوور، لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیشدا ئەمە ڕەنگی دابووەوە. تا چەند پارتی توانیویەتی بەرگریکارێکی ڕاستەقینەی مافەکانی کورد بێت لەگەڵ عێراق؟ هەم دانوستانەکان چەند کاریگەر بوون؟
عەلی حوسێن: لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تاوەکوو ئێستا، کورد بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش عامیلی ئیستیقرار بووە لەگەڵ تەبایی و برایەتی و بابەتی دەستووری و یاساکان بووە؛ بەڵام لەهەمان کاتیشدا پارتی مساوەمەی نەکردووە لەسەر مافی ڕەوای گەلی کوردستان. پێمان وایە گۆڕانکاری ئەگەری گۆڕانکاری لە ناوچەکە هەیە، و ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە بە بەغداشەوە هەست بەو ئەگەرانە دەکەن، بە تەئکید پارتی بە حیزبێکی گرنگ و گەورە دەزانن، پێیان وایە بە هەندێک زەخت و بابەتی لەو شێوەیە پارتی مساوەمە دەکات لەسەر مافی گەلی کوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە پارتی مساوەمە ناکات و سپاسی گەلی خۆشمان دەکەین کە گەلی کوردستان تەفەهومی ئەو زەختانە دەکاتن کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە پارتی.
کوردستان24: ئەمە تەنها ئەرکی پارتییە کە ئەم بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ؟
عەلی حوسێن: ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، هەموو نیشتیمانپەروەرێکی خەڵکی کوردستانە، بەڵام بەتەئکید بەرپرسیارێتیی پارتی، مێژووی پارتی، ئێستا و ئایندەی پارتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، پارتی بەشی شێری بەردەکەوێت، و هەموو کاتێکیش پارتی لە بەرپرسیارێتی ڕای نەکردووە و ئامادەی قوربانیدان بووە لە پێناوی گەل و وڵات و لە پێناوی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان.
کوردستان24: باشە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دا، ڕۆڵی پارتی چی بووە لەو لۆبییە گەورەیەی کە هەیە و ئەو پاڵپشتییە بەهێزەی نێودەوڵەتی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
عەلی حوسێن: ئەگەر سەیری قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کوردستان و خەباتی گەلی کوردستان بکەین، قۆناغی ئەمڕۆ قۆناغێکی گەورە و گرنگە، و پێگەی کورد لەسەر ئاستی دونیا، لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی کە بڕیار بەدەستن، ئەمانەی کە ڕەسمی سیاسەتی ناوچەکە دەکەن، پێگەی کورد حەتا حەدێکی باش باش چووەتە پێش، بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی پارتی، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ بووە لە ساڵانی ڕابردوو، لە مێژووی خەباتی پارتیدا و تاوەکوو ئەمڕۆش. ئەمڕۆش لە ساحەی سیاسیدا بە تەئکید ڕۆڵی پارتی ڕۆڵێکی گەورەیە و حسابی بۆ کراوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
کوردستان24: لەبارەی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتیی بەکوێ گەیشتوون؟ هەردوولا جیددین تا مانگی داهاتوو پەرلەمان کارا ببێتەوە؟
عەلی حوسێن: هەڵبژاردنمان کردووە، بە تەئکید هەڵبژاردنیش دەبێت ڕێز لە ئیرادە و دەنگی خەڵک بگیرێت. پارتی پێداگر بووە لەسەر ئەوە و بە تەئکیدیش ڕێز لەو هاوپەیمانییەی هەموو لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە شەریکی ئێمەیە، بەڵام بە تەئکید دەبێت ڕەچاوی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت. بۆیە گفتوگۆکان تاوەکوو ئێستا بەردەوام بووە، گەیشتینە ئەو ئاستە کە هەوڵ بدەین بۆ مانگی ئەیلول پەرلەمان دەستبەکار بێت. ئەگەر پەرلەمان دەستبەکار بێت، بە تەئکید هەنگاوەکانی داهاتووش بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت یەک بە قۆناغ بەدوای قۆناغ بەدوا دادێت و کاری بۆ دەکرێت. هەر دوو لایش تەقریبەن موتەفیقین لەسەر ئەو بابەتە.
کوردستان24: کەواتە هیچ بابەتێک نەماوە لەنێوان پارتی و یەکێتی کە ناکۆک بن لەسەری و ببێتە هۆی ئەوەی مانگی ئەیلوول پەرلەمان کارا نەبێتەوە؟
عەلی حوسێن: لە ڕاستیدا خیلافی ڕەئی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی تەفەهومیش هەیە. مادام گەیشتینە ئەو قەناعەتە کە بتوانین سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین و پەرلەمان دەستبەکار بێت، یانی ئەمە هەنگاوی یەکەمە، یانی ئەمە ئیجابییە، بەرەو پێکهێنانی حکوومەت و هەم بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمیش بەهەمان شێوە.
کوردستان24: بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد پارتی پلان و ستراتیجی چی هەیە، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارە کە چاوی هەموو کورد و هەروەها لە دەرەوەی کوردستانیش لەسەر هەرێمی کوردستانە؟
عەلی حوسێن: پارتی پێی وایە بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆ لە کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، حەتا هاووڵاتییش. بەرپرسیارێتی چییە؟ هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی. بۆیە پارتی بەردەوام دەرگای کراوە بووە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، و پێی وایە چ ئەوانەی لە حکوومەتن، چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن، هەموومان بەرپرسیارین، بەڵام هەر یەک بەپێی پێگە و بەپێی ئاڕاستەی خەباتی سیاسیی خۆی. لە کاتی پێکهێنانی حکومەت دەرگای کراوە بووە و لەدوای پێکهێنانی حکومەتیش وەک ئۆپۆزیسیۆن لە بابەتی ستراتیجی و گرنگەکان کە پەیوەستن بە مافەکانی گەلی کوردستان، پێویستی بە خاڵی هاوبەش و تێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندییەکان، پارتی هەمیشە ئامادە بووە و ئامادەیشە بۆی.
کوردستان24: باشە لە ئاستی کوردستان و لە ئاستی عێراقیشدا، کاتێک کێشەیەکی تائیفی یان کێشەیەکی ناوخۆیی شیعە دروست دەبێت، چارەسەرەکان لای سەرۆک بارزانی دەدۆزرێتەوە و دێنە لای پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەمە ڕۆڵ و ئەو متمانەیەی لە دەرەوەی کوردستانیش چۆن پارتی توانیویەتی دروستی بکات؟ چەندە گرنگە ئەمە؟
عەلی حوسێن: پارتی لەبەرئەوەی سیاسەتێکی موستەقیڕی هەبووە، جەنابی سەرۆک بارزانیش میسداقییەتی هەبووە لە شێوەی مامەڵەکردنیدا لە ڕووی سیاسییەوە. بۆیە هەم لەناو لایەنە عێراقییەکان، لایەنە کوردستانییەکان، حەتا لە ئاستی دەرەوەش، لەبەرئەوەی جەنابی بارزانی کەسێکی متمانەپێکراوە بووە، لەوەی کە خاوەنی پەیام و قسەی خۆیەتی، پابەندی ئەو ڕێکەوتنانەی کە ئەنجام دەدرێن، بۆیە بە تەئکید زۆر جار لە لایەن حەزەکانی ئێمەیش قسەکانی بە ئیعتیبار وەردەگرێن، چونکە دەزانن کەسێکی ڕاستگۆیە لە مامەڵەکردنیدا.
کوردستان24: ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، پارتی چۆن توانیویەتی باڵانس ڕابگرێت لەنێوان ئەکتەرەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە نەبێتە بەشێک لەو ململانێیانەی کە هەیە، لەبەرئەوەی چاوێکی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستانە و پارتی توانیویەتی لەم قۆناغانەدا باشیی دەرکەوێت؟
عەلی حوسێن: ئێمە پێمان وایە ئێمە وەک کورد، ئێمە دژایەتیمان لەگەڵ هیچ میللەتەکانی ناوچەکەمان نییە، ئێمە لەسەر ئەو زەوییە دروست بووین، خوای ئێمەی لێرە دروست کردووە. ئێمە حەز ناکەین گرفتەمان چ لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی ناوچەکە، چ لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکەش هەبێت. بە تەئکیدیش ئەو وڵاتانەی کە گرفتیان هەیە لە ناوچەکە یان ڕەسمی سیاسەتی مەنتەقە بەرژەوەندییان هەیە. ئێمە هەوڵ دەدەین لەو بابەتەدا تەوازن ڕابگرین. نەبینە بەشێک لە سڕاع و ململانێی ناوچەکە، بە تەئکید هەوڵ دەدەین بەرژەوەندییەکانی خۆمان بپارێزین، بەرژەوەندیی میللەتی خۆمان بپارێزین، بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بپارێزین. و بە تەئکیدیش قیادەی سیاسیی ئێمە و جەنابی سەرۆک بارزانی خوێندنەوەی هەیە بۆ دۆخە سیاسییەکە، بۆ بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی هەرێمایەتی. لەو نێوەندەدا ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان بپارێزین، نەبینە طرف لە سڕاع و ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی.
کوردستان24: لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم داهاتووی پارتی چۆن دەبینن؟
عەلی حوسێن: ئێمە داهاتووی پارتی، داهاتوویەکی گەش دەبینین. و داهاتووی هەرێمی کوردستانیش داهاتوویەکی گەش دەبینین. بە تەئکیدیش هەرکاتێک زەخت و زۆری لە هەرێمی کوردستان، فشارمان بۆ بهات، دڵنیابن کە ئاسۆیەکی ڕوون هەیە بۆ کوردستان، ئاسۆیەکی ڕوونیش هەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.
کوردستان24: زۆر سپاس دەکەم، بەڕێز عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان. سپاس کە لەگەڵمان بووی.
عەلی حوسێن: زۆر سپاس، سەلامەت بن. زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.