هاوپەیمانیی کریستیانەکان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات؛ "داوای پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکەین"

لۆگۆی هاوپەیمانیی کریستیانەکان
لۆگۆی هاوپەیمانیی کریستیانەکان

هاوپەیمانیی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی و هەروەها 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە پەیامەکەدا، کە بەناوی "هاوپەیمانیی کریستیانەکان و حزب و هێزە نوێنەرایەتیکراوەکان لە دەستەی سیاسییەکەیدا" دەرچووە، هاتووە: "ئەم بۆنە بە دەرفەت دەزانین بۆ دووپاتکردنەوەی قووڵایی هاوبەشیی مێژوویی و برایەتیی ڕەسەنی نێوان گەلی کورد و گەلی کریستیان لە کلدان و ئاشووری و سریانی ئارامی و ئەرمەن، کە بە درێژایی دەیان ساڵ بە جوانترین شێوە دەرکەوتووە و بەهۆی دۆستایەتیی ڕاستەقینەی ئێوەوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا پتەوتر بووە."

هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆک بارزانی هەمیشە پاڵپشتێکی گەورەی مافی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، بەتایبەتی لە چەسپاندنی مافی کریستیانەکان دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و بەرگریکردن لێیان دوای ساڵی 2003، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا گێڕاوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە بوونی هەرێمی کوردستان بە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە بەرز نرخێنراوە. هەروەها ئاماژە بە سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش کراوە و هاتووە: "پێشمەرگە بە قوربانیدان و ئازایەتیی خۆی بووە قەڵغانێکی پۆڵایین بۆ هەموو پێکهاتەکان، و کوردستانیش بەهۆی سەرکردایەتی ئێوەوە بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەمووان."

هاوپەیمانییەکە هەروەها باسی لە پێشوازی و حەواندنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووە لە هەرێمی کوردستان، کە بە گوێرەی هاوپەیمانییەکە، ئەمە هەمان ئەو شتە بوو کە قەداسەتی پاپا فرانسیس لە سەردانە مێژووییەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ستایشی کرد.

هاوپەیمانیی کریستیانەکان نیگەرانیی خۆی لەبارەی یاسای ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربڕیوە و دەڵێت: "یاسای ئێستای هەڵبژاردن ڕێگە بە هێز و میلیشیاکان دەدات کە خێری گەلەکەمان و هەموو عێراقیان ناوێت، دەست بەسەر کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەی کریستیانیدا بگرن، هەروەک پێشتر ڕوویداوە."

هاوپەیمانییەکە هەروەها داوای گەڕاندنەوەی ژمارەی ئەو کورسیانە دەکات کە لە پەرلەمانی کوردستان کەمکراونەتەوە و جەخت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە بەشدارییەکی کارا و دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتەکان.

 

ئەم پارت و لایەنانە پەیامەکەیان دەرکردووە:

پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی

پارتی بزووتنەوەی کۆمەڵەی سریان

پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی

ڕەوتی شلاما

دەستەی کارگێڕی ئەرمەنەکان

کۆمەڵەی جیهانیی کلدانی

کۆمەڵەی ئەرمەنی