لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ئاو بۆ 13 هەزار ماڵ دابین دەکرێت
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە زیاتر لە 13 هەزار ماڵ تووشی گرفتی کەمئاوی بوونەتەوە و ئیدارەی ناوچەکە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی چوار بیری ئاو لە شارۆچکەی ڕانییە لێ دەدات.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە: “بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی لە قەزای ڕانیە، بڕیاردرا بە لێدانی چوار بیری ئاو بە قووڵیی 250 مەتر بۆ ناو ڕانیە،ئەمەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە گەڕەکەکانی ڕزگاری و کێوەڕەش و تیتۆکەی بووە.
ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماژە بەوەشدەکات، “پرۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەڕینەوە جێبەجێدەکرێت و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، سەلام عومەر، بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوودا ئاومان بۆ ناوچەکانی دیکەی سنوورەکە دەنارد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە 80%ـی ئاوی پڕۆژەی قوولە کەمی کردووە، کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاوی قەزای ڕانیە.
بەڕێوبەری ئاوی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی پرۆژەی قوولە، زیاتر لە 13 هەزار ماڵی گەڕەکە کۆنەکانی ڕانیە تووشی گرفتی کەمئاوی بوون