ترەمپ: ئەگەر کۆبوونەوەیەکی باشم لەگەڵ زێلێنسکی کرد، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن دەکەین

سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا بە سەرکەوتوو ناو دەبات، دەشڵێت ئەگەر کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا باش بەڕێوەچوو، ئەوا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی ڕێک دەخەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: ڕۆژێکی زۆر سەرکەوتوومان لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێ کرد، کۆبوونەوەکەم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا زۆر بە باشی بەڕێوە چوو.

ئاماژەشی دا، پەیوەندی تەلەفۆنێکی زۆر باشی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ کرد و هەموویان هاوڕابوون کە باشترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتنە بە ڕێککەوتن؛ ڕێککەوتنێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، نەوەک ئاگربەستی ڕاگرتنی جەنگ.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ڕۆژی دووشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەچێتە واشنتن، ئەگەر کۆبوونەوەکەیان باش بەڕێوەچوو، ئەو کات کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن ڕێک دەخەن.

هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.

دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕاگەیاندبوو، "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.