یانەی وەرزشی هەڵۆ بەشداری خولی نایابی کوردستان ناکات

یانەی وەرزشی هەڵۆ
یانەی وەرزشی هەڵۆ

یانەی هەڵۆ تاکە نوێنەرەکەی قەزای مێرگەسوور، دوای سەرکەوتنیان بۆ خولی نایابی کوردستان و بەهۆی کێشە داراییەکانی، بڕیاریداوە بەشداری وەرزی داهاتووی خولەکە نەکات، تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن.

ئەحمەد خەلیل سەرۆکی یانەی هەڵۆ، تایبەت بە کوردستان24 لەبارەی ئامادەرکارییەکانیان بۆ خولی نایابی کوردستان گووتی '' وەرزی رابردوو بەهۆی ئاست و ئەنجامە بەرزەکانیان، جارێکی دیکە بلیتی بەشداری کردنیان لە خولی نایابی کوردستان بەدەستهێنا، بەڵام ئەگەر هاوکاری نەکرێن ئەوا بەشداری خولەکە ناکەن و پاشەکشێ دەکەن ''.

سەرۆکی یانەی هەڵۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گووتی '' قەرزێکی زۆر لەسەر یانەکەیان کەڵەکە بووە کە نزیکەی 80 ملیۆن دینارە و توانای داراییان سنوردارە، یاریزانەکان پێویستیان بە مووچە و گرێبەستی زیاترە و ئەوانیش لە توانایاندا نیە ئەو پارەیە دابین بکەن ''.

ئەحمەد خەلیل سەرۆکی یانەی هەڵۆ گووتیشی، لەگەڵ کارگێڕی یانەکەیان بڕیاریانداوە بەشداری خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2025-2026 نەکەن، بەڵام ئەگەر هاتوو پێش دەستپێکردنی خولەکە هاوکاریان کرا، ئەو کات ئەوانیش بە هێزێکی زۆرەوە بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی یانەی هەڵۆ ئەوەشی بە کوردستان24 گووت، یاریگاکەیان پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و داواش لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکات، پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان، یاریگاکەیان بۆ نۆژەن بکرێتەو.

وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بڕیارە رۆژی 22ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و یانەی وەرزشی هەڵۆ نوێنەری قەزای مێرگەسور یەکێک لە یانە بەشداربووەکانی خولەکەیە.