منارەی چۆلی نۆژەن دەکرێتەوە

بڕیارە بەمنزیکانە دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی، یەکێک لە شوێنەوارە دێرین و ناسراوەکانی شاری هەولێر بکرێت. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە و ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە دێت.

منارەی چۆلی، کە بە منارەی 'مزەفەرییە'ـش ناسراوە، مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری (1190 - 1232زایینی) دەگەڕێتەوە. ئەم منارەیە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای قەڵای هەولێر و یەکێکە لە سیمبولە دیارەکانی شارەکە. بەرزییەکەی نزیکەی 37 مەترە و مەزندە دەکرێت پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بووبێت کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە. بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری چۆڵەوانی بووە، بە "منارەی چۆلی" ناسراوە.

نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، بە ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیمێکی شارەزای وڵاتی چیک لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەی منارەکەوە کردووە و کەموکوڕییەکانیان دەستنیشان کردووە. هەمان تیم 17 ساڵ لەمەوبەر کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ منارەکە ئەنجام دابوو.

کاری نۆژەنکردنەوەکە چەندین لایەن لەخۆدەگرێت، لەوانە:

- گۆڕینی شوورەی منارەکە.

- دانانی کامێرای چاودێری لە دەوروبەری.

- پڕکردنەوەی کەلێنەکان و چەندین گۆڕانکاری دیکە.

 

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، هیچ مەترسییەکی ڕووخانی لەسەر منارەکە نییە و لارییەکەشی هەر وەک خۆیەتی لە کاتی نۆژەنکردنەوەی پێشوودا.

نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی. گەشتیاران ئاماژە بەوە دەکەن، هەولێر شارێکی جوان و خاوەن مێژوویەکی کۆنە و بوونی شوێنەواری وەک قەڵا و منارەی چۆلی جوانییەکی زیاتری پێ بەخشیوە. ئەوان داوای پارێزگاریکردن لەم شوێنەوارانە دەکەن بۆ ئەوەی شارستانییەتی شارەکە ون نەبێت.

پێشنیار کراوە کە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە دەوروبەری منارەکە کەم بکرێتەوە بۆ پاراستنی زیاتری. هەروەها پلانیش هەیە کە پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەوروبەری منارەکە جێبەجێ بکرێت تاوەکو ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ گەشتیاران.

منارەی چۆلی بە یەکێک لە منارە دەگمەنەکان دادەنرێت، چونکە دوو دەرگا و دوو پلیکانەی جیاوازی هەیە بۆ سەرکەوتن، کە ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment