کۆمیسیۆن: ژمارەی کاندیدانی هەڵبژاردن بە تیروپشک دیاری ناکرێت

ژمارەیەک کاندیدی کۆمیسیۆن لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان (ئەرشیف)
ژمارەیەک کاندیدی کۆمیسیۆن لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان (ئەرشیف)

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە کاندیدەکان ناکرێت و حزب و لایەنە سیاسییەکان خۆیان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرن. دووپاتیشی کردەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن تا کاتی دیاریکراو لەلایەن کۆمیسیۆنەوە قەدەغەیە.

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی وردبینی بۆ ناو و سیڤی کاندیدان کۆتایی هاتووە و لە ئەنجامدا 199 کاندید گۆڕانکارییان پێ کراوە، هەروەها 70 کاندیدی دیکەش دوورخراونەتەوە."

غەلای هۆکاری گۆڕانکاری و دوورخستنەوەکانیشی خستەڕوو و گوتی: "بەشێک لەو کاندیدانە بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندنەوە بووە و لە شوێنیان کاندیدی دیکە دانراون، هەندێکی تریان بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدا نەبووە دوورخراونەتەوە".بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، لە نێو ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە یان گۆڕاون، شەش کاندیدی سەربەخۆ و شەش کاندیدی مەسیحی بوونیان هەیە، هەروەها 97 کاندیدی دیکە بەهۆی نەبوونی بڕوانامە دوورخراونەتەوە.

سەبارەت بە شێوازی پێدانی ژمارە بە کاندیدەکان، جومانە غەلای ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆن تیروپشک ئەنجام نادات، بەڵکو حزب و قەوارە سیاسییەکان خۆیان ژمارە بە کاندیدەکانیان دەدەن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت و هەزاران کاندید لە حزب و لایەنە جیاوازەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.