چیدیکە کتێبە کۆنەکان فڕێنادرێن و ناسووتێنرێن

ئەو کتێبانەی بەهۆی زۆری بەکارهێنانەوە، شیاوی خوێندنەوەیان نەماوە، لەبری فڕێدان یان سووتاندن، ڕەوانەی کارگەکانی ڕیسایکلین دەکرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببنەوە بە کاغەز و سوودیان لێ وەربگیرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 17ی ئابی 2025، ڕێدار سابیر، سەرپەرشتیاری پەرتووکخانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەو کتێبانەی کە بەسەر قوتابییاندا دابەش دەکرێن، بە کوالێتییەکی باش دروست دەکرێن و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەکاردەهێنرێن، بەڵام دواجار کۆن دەبن و کەڵکی بەکارهێنانیان نامێنێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، لە ڕابردوودا چارەنووسی ئەم کتێبانە سووتاندن یان فڕێدان بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی گرنگیدانی زیاتر بە پاراستنی ژینگە، ڕێگایەکی جیاواز گیراوەتەبەر. ڕێدار سابیر گوتی: "ئێستا ئەو کتێبانە لە کۆگاکانی قوتابخانەکان کۆدەکرێنەوە، پاشان ڕادەستی وەزارەتی پەروەردە دەکرێن و لە ڕێگەی تەندەرەوە دەدرێن بەو کۆمپانیایانەی کە کاری ڕیسایکلین دەکەن."

جگە لە کتێبە کۆنەکان، ئەو کتێبانەشی کە بەهۆی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا چیتر بەکارناهێنرێن، هەمان پرۆسەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی پەرتووکخانە چەند دانەیەکیان وەک ئەرشیف هەڵدەگرێت. ڕێدار سابیر لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە وەکو پەرتووکخانە چەند کۆپییەک لە کتێبەکان ئەرشیف دەکەین بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی سیستەمی خوێندن بین و هەوڵی باشترکردنی بدەین."

سەبارەت بە بودجەی ساڵانەی چاپکردنی کتێبی نوێ، سەرپەرشتیاری پەرتووکخانە ڕوونیکردەوە، بڕەکەی دیاریکراو نییە و پشت بە پێویستی دەبەستێت؛ "ئێمە بە پێی پێویستی کتێب چاپ دەکەین. هەندێک جار بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێویستمان بە چاپی ژمارەیەکی زۆر نابێت، چونکە لە سەرەتادا کتێبەکان بە کوالێتی بەرز چاپ دەکرێن کە بەشی چەند ساڵێک دەکات."