سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن

لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا، بە بۆنەی ساڵیادی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئیران، سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن.

سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا کە دوێنێ 17ـی ئابی 2025، بەبۆنەی ساڵیادی ئاڵۆگۆڕی یەکەم کاروانی دیلەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بڵاویان کردەوە، هەڕەشەی توند لە ئەمەریکا و ئێسرائیل دەکەن.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " سوپای پاسداران بە ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی  سەنگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەعسییەوە تا سەنگەری خۆڕاگری و ڕاوەستان لە زیندانەکانی ڕژێمی تاوانکاری سەدام، جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و پیلانگێڕییەکی دوژمنان و داگیرکاران دەکاتەوە."

لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە "وەک چۆن دیلەکانمان لە زیندانەکانی بەعس ڕزگاریان بوو، گەلانی ستەملێکراوی ناوچەکەش لە سایەی خۆڕاگری و بەئاگاهاتنەوەی ئیسلامدا، ئیسرائیل و ئەمەریکا لە خاکەکانیان دەردەکەن و جوگرافیای خۆڕاگری تا ئاسۆی سەرکەوتنی کۆتایی گەلانی ئیسلامی فراوان دەکەن."

ئەرتەشی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی تر ھۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمەریکا و ئیسرائیل، کە دەبێت دەست لە پیلانگێڕی و خراپەکاری دژی ئێرانی بەھێز و خۆڕاگر ھەڵبگرن. چونکە لە ئەگەری ھەر هەڕەشەیەکدا، ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوە و کردەی زۆر توندتر و زەبری بەهێزتر لەوانەی جەنگی 12 ڕۆژە دەبنەوە."

پاش هەشت ساڵ، جەنگی خوێناوی وێرانکەری عێراق و ئێران لە 8ـی ئابی 1988، لەسەر بنەمای بڕیاری 598ـی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هات؛ دوو ساڵ دواتر، لە 17ـی ئابی 1990دا یەکەم کاروانی دیلەکانی هەردوولا، ئاڵوگۆڕ کران. 

دواین کاروانی دیلەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە شوباتی 2003دا ئاڵوگۆڕ کران. 

 
Fly Erbil Advertisment