کەشناسی: شەپۆلی خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و کاریگەرییەکەی لە گەرمیان زیاتر دەبێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی لەسەر ئیدارەی گەرمیان بەهێزتر بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەراییەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، بڵاوکراوەتەوە، ماوەی دوو ڕۆژە خۆڵبارین ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە و ئێستا کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ نێوان پێنج بۆ هەشت کیلۆمەتر.
کەشناسی پێشبینی دەکات کە ئەمڕۆ و سبەی (دووشەممە، 18ـی ئابی 2025) ئاسمانی هەرێم ساماڵ و تۆزاوی دەبێت. کاریگەریی خۆڵبارینەکە بەشێوەی جیاواز لە ناوچەکان دەمێنێتەوە؛ لە هەندێک کاتدا کەم دەکات و لە کاتەکانی دیکەدا زیاد دەکات. بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی بەرچاوتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە، لە کاتێکدا سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک کەمترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت.
هاوکات دەستەی کەشناسی عێراقیش ئاماژەی بە بوونی شەپۆلێکی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کردووە لە ناوچەکەدا.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 42
سلێمانی: 40
دهۆک: 41
کەرکووک: 44
گەرمیان: 44
زاخۆ: 42
هەڵەبجە: 42
سۆران: 40
حاجی ئۆمەران: 31
گەرمیان: 44