حەج و عومرەی کوردستان: بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی فڕۆکەی عێراقییە ڕاگیراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند، ئاگاداری هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکەین ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ئێستا له‌ سعوودیه‌ن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومڕە، هێڵی ئاسمانی عێراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی 'ئیمام حوسێن' هەموو گەشتەکانی چارتەری تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لێرەوە عومرەکارانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە، ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی گەشتی کردووە، تاوەکوو بە ڕێگەی وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە، ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکانیان بۆیان دابین بکات تاوەکوو گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.

دەشڵێت: لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کۆمپانیانە دەکەینەوە هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومڕەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکوو بارمتە داویانە.

ڕاشیگەیاند، ئێستا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عیراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكه‌ی دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستانن.