لە هەولێر زیاتر لە هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە هەزار و 200 پرۆژەی بە گوژمەی یەک ترلیۆن و 200 ملیار دینار جێبەجێ کردووە، دەشڵێت، جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە لە کاتێکدا بووە کە کابینەکە چەندان قەیرانی بۆ دروست کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و گرنگیدان بە پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی پارێزگای هەولێر و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاتری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاکە، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی تیمی ئەنجوومەنی وەزیران، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ قایمقامی و بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگەکان و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی ناحییە و بەشێک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە لە ڕابردوو و ئێستا پێشکەشی پارێزگای هەولێریان کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری کراوە، کە ئێستا بەشێک لەو پرۆژانە لە جێبەجێکردندان و بەشێکی تریشیان دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەو پرۆژانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێکراون خرایە ڕوو، کە سەرەڕای هاتنە پێشی چەندین کۆسپ و هەموو ئەو قەیرانە یەک لە دوایەککانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، وەک هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و نەدانی شایستە داراییەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردن و ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزارییەکانی خۆی نەوەستا و توانیویەتی ئەو قەیرانە تێبپەڕێنێت و لە سەریان زاڵبێت.
باسیشی لەوە کردووە، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ جێبەجێکردنی هەزار و 214 پرۆژەی گرنگ و جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی، نزیکەی یەک ترلیۆن و 200 ملیار دینار لە سەر بودجەی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی پارێزگا و بودجەی ئاسایی و سەربار خەرجکراوە، جگە لە ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیژی و گەورەی دیکە کە ئێستا لە جێبەجێکردندان وەک پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر و دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆیی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکییەکانی بە هێڵە سەرەکییەکانی پرۆژەی فریاگوزاریی و پرۆژەکانی دروستکردنی دووسایدی هەولێر - کۆیە، کەسنەزان - گۆمەسپان، گۆمەسپان – سماقوڵی، ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل و هەر دوو تونێلی میراوە - ماوەران.
لە کۆتاییشدا، باس لە پێداویستی و کەم کوڕی و گیروگرفتە ئیدارییەکان و پێداویستییەکان لە ڕوویی کارگێڕی و دارایی و پەرەپێدانی دامەزراو و فەرمانگە حکومییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و هەماهەنگی بەردەوامی نێوانیان کرا.
