بەهۆی زۆری سەردانیکەران، فێستیڤاڵی تەق تەق تەنیا یەک ڕۆژ بەردەوامبوو

قایمقامی تەق تەق ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ 25 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنجیریان کردووە لە شارۆچکەکەیان و 7 تۆن هەنجیریش فرۆشرا

ئاسۆ مستەفا، قایمقامی شارۆچکەی تەق تەق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چوارەمین فێستیڤاڵی تەق تەق، تەنیا یەک ڕۆژ بەردەوامی هەبوو، بڕیار وابوو سێ ڕۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانیان کرد و تەواوی بەرهەمی هەنجیری دەڤەرەکە ساغکرایەوە.

قایمقامی تەق تەق گوتیشی: هەر لە یەکەم ڕۆژدا حەوت تۆن هەنجیر فرۆشرا، تەواوی ئەو هەنجیرەی جوتیاران هێنابوویان ساغکرایەوە، هەنجیری ئەمساڵ زۆرباش و نرخەکەشی گونجاوبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خواستی زۆری هەبێت لەلایەن کڕیارانەوە.

ئاسۆ مستەفا، ئاماژەی بەوە کرد، 25 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو یەکەجارە ڕێژەیەکی لەمشێوەیە سەردانی ناوچەکە بکات، تەنانەت هیچ شوێنێکی نزیک بۆ ڕاگرتنی ئۆتومبێلەکان نەمابوو.

شارۆچکەی تەق تەق، بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی و هەبوونی زێی بچووک، دەوڵەمەندە بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی، یەکێک لە بەرهەمەکانی هەنجیرە و چەندین جۆری هەیە، لەوانە: هەنجیرەکانی ڕەیحانە، پاییزی، ڕەش و کێوی.