هەر ئاژەڵێکی ماڵی لە شەقامەکانی سۆران ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت

سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئاژەڵانەی ڕاگەیاند، کە سیمای سەنتەری شارەکەیان ناشرین دەکرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سنوورەکە داوای چارەکردنی ئەو دیاردەیان دەکرد.

بژار سەعید، سەرۆکی شارەوانی سۆران بە وەکالەت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سبەی دووشەممەوە، هەر ئاژەڵێکی گەورە و بچووک لەسەر شەقام و لە بەردەم شوێنە گشتییەکانی ناو سۆران ببینرێت، خاوەنەکەی پێبژاردنی بۆ دەکرێت.

سەرۆک شارەوانی سۆران گوتیشی: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەردەوام داوایان دەکرد، ئەم دیاردەیە نەمێنێت، چونکە جگە لەوەی سیمایەکی ناشرین بە شار دەبەخشێت، دارەکانی نێو دووسایدی سەرەکی و نزیک سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران تێکدرابوون لەلایەن ئاژەڵەکانەوە.

بژار سەعید، ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئاژەڵیک ببینرێت لەو شوێنانەی ئاماژە پێکراوە، لە شەڵتەرێک دەستبەسەر دەکرێت و بۆ هەر شەوێک بڕی 30هەزار دینار لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت، هەروەها جیا لەمە پێبژاردن بۆ خاوەنەکەی دەکرێت، بۆ ئاژەڵی بچووک 50 هەزار دینارە، ئاژەڵی گەورە 100 هەزار تاوەکوو 250 هەزار دینار دەبێت.

پێشووتریش فەرمانگەی ژینگەی سۆران، داوای لە سەرۆکایەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، هەوڵێک بدرێت بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، چونکە ژینگەی ناوچەکەی ناشرین کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment