مونا قەهوەچی: لە حکوومەتی نوێ بەشداریەکی کارامان دەبێت
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و هەرکاتێک ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کرا، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژردرێت.
مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە پەلە بکرێت لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دەستخۆشی و سوپاسی هەرێمی کوردستانکرا، کاتێک بۆ یەکەمجار، پێکهاتەکان پۆستی سکرتێری پەرلەمانیان پێدرا.
گوتیشی: ئەم هەنگاوە بووە جێی ڕەزامەندی و دڵخۆشی پێکهاتەی تورکمانی، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق مافی تورکمانەکانی وەک پێویست نەداوە.
مونا قەهوەچی گوتی: پێکهاتەکان میوان نین و مافیان هەیە، هەرکاتێک ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکان کرا، لە پەرلەمانی کوردستان بە چەند کاتژمێرێکی کەم دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژردرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە مافی خۆمان دەزانین بەشداری کارا لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دا بکەین، بۆ ئەم مەبەستە بە فەرمی داوامان لە سەرۆک بارزانی کردووە.
ئەمە لەکاتێک دایە، ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025، لە شاری هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، ئاماژەیان بەوە کرد، پێویستە لە مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دەستبەکارەکانی بکاتەوە
2ـی کانوونی یەکەمی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا.