لەبەغدا کێشەی بێئاوی سەریهەڵداوە

نەبوونی ئاو ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت دەگرێتەوە و زیاتر لە مانگێکە ناوچەکانی ئاویان نییە، ئاوی ئەو بیرانەی لێدراون بۆ بەکارهێنان لەلایەن مرۆڤەوە ناگونجێت و جێگرەوەکەش ئاوی تانکەرەکانە.

وشکەساڵی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات و لە شارەکانەوە دەخشێتە ناوەڕاستی پایتەخت، بۆ نموونە ئێرە گەڕەکی فوڕاتە دەکەوێتە نزیك فڕۆکەخانەی بەغدا، دانیشتووانەکەی بۆ بەدەستهێنان ئاو بە نەهامەتییەکی تاڵ تێدەپەڕن، چونکە ماوەیەکی زۆرە قەیرانی ئاو هەیە، جێگرەوەکەش یان ئاوی تانکەرەکانە کە ئاو لە ڕووبارەوە دەگوازێتەوە بۆ خەڵك، یان پشتبەستنە بە ئاوی بیر، کە زۆرینەی کاتەکان بۆ بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤەوە ناگونجێت.                         

هاووڵاتییەکی ئەو گەڕەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بیر لێدەدەین و لەبری ئاو قوڕاو دێتە دەرەوە، خەڵك ئاو دەکڕێت و دۆخەکە خراپە، نرخی بەرمیلێك ئاو کە دەیکڕین بە20 یان 25 هەزار دینارە، سەرچاوەی ئاوەکە لە ڕووبارەوەیە و دەخرێتە ناو بەرمیلەوە."

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: ئاوی پاك نییە، بەتایبەتی لە کۆڵانەکانی دواوە هەموو پشت بە بیرەکان دەبەستن، تەنیا لە کۆڵانەکانی پێشەوە هەندێك هەیە بەڵام دەبڕێت، بیرەکەی ئێمەش ئاوەکەی سوێر و پیسە.

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: "دوو مانگە ئاو نییە، خوا ئاگادارە ئاوی خواردنەوە دەکڕین و ئاوی بیر بۆ شۆردنی ناو ماڵ و شتیکی دیکە بەکاردەهێنین، بەڵام ئاوی بەلوعە نییە."

ئەوەی بەرگەی دۆخی ئێرە نەگرێت ناچار بووە لە دەست ئەو بێ ئاویە ناوچەکە جێبهێڵێت، چونکە هەر وەك بەشێك لە دانیشتووانەکەی دەڵێن؛ دۆخەکە بۆ ژیانکردن شیاو نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک دەڵێت: "ماڵەکانی شەقامی دواوە ناوچەکەیان جێهێشتووە و چوونەتە ماڵی خزمەکانیان بەهۆی ئەو بێ ئاویەی هەیە، خەڵك ڕێکدەکەون لەسەر ئەوەی بۆ هەر سێ ماڵێك لە ناوەڕاستی شەقام بیرێك لێبدەن، بەخوا دۆخەکە زۆر خراپە."

کێشەی ئاو زیاتر لە دەوروبەری بەغدا سەریهەڵدا بوو، بەڵام ئێستا نەبوونی ئاو ناوەڕاستی پایتەختیشی گرتووەتەوە، بەدیاریکراویش گەڕەکی فوڕات، لەبەردەم زۆرینەی دانیشتووانەکەشی هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەوەی ناوچەکە جێبهێڵن تا لەو قەیرانە رزگاریان بێت.

نەبوونی ئاو ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت دەگرێتەوە و زیاتر لە مانگێکە ناوچەکانی ئاویان نییە، ئاوی ئەو بیرانەی لێدراون بۆ بەکارهێنان لەلایەن مرۆڤەوە ناگونجێت و جێگرەوەکەش ئاوی تانکەرەکانە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment