باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕوونکردنەوە لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەدات
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگۆڕدرێت و جەختی کردووەتەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا "ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوولایەنە دوولایەنەی زیاتر تەقلیدی دەگۆڕدرێت."
باڵیۆزخانەکە جەختی کردووەتەوە "ئەمە کۆتایی کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نییە بۆ شکستپێهێنانی داعش، بەڵکوو هەوڵە مەدەنییەکانی بە سەرکردایەتییەکی مەدەنی لەسەر ئاستی جیهان بەردەوام دەبێت."
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاماژەی بەوەش کردووە "وردەکارییەکانی پەیوەست بە پلان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان، ڕەوانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەکرێن."
ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیران: مانگی داهاتوو ئەرکی هاوپەیمانان لە بەغدا و عەین ئەسەد کۆتایی دێت
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەكشەممە، 17ـی ئابی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(واع) ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ "پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر" دەگوازرێنەوە.
بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمان، قۆناغی یەکەمی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکان لە مانگی ئەیلولی 2025 دەست پێدەکات. ئەم قۆناغە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بارەگای شاندەکە لە بەغدا و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەگرێتەوە
عەلاوی ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە مانگی ئەیلولی 2026ـدا دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکە شەڕکەرەکان بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکوو دەستپێکی "قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی" دەبێت.ئەم قۆناغە نوێیە لە بواری ڕاوێژکاری و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا چڕ دەبێتەوە
عەلاوی ڕوونیکردەوە: "ئەمە دیدگەی حکوومەتی عێراقە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە هەموو بوارەکان بگرێتەوە، بە بواری ئەمنیشەوە.