هاتوچۆی هەولێر: داپۆشینی ئۆتۆمبێل بە قوڕ و شاردنەوەی ژمارەکەی سزای بەدواوەیە
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە قوڕ دادەپۆشن یان تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەشارنەوە و ڕایدەگەیەنێت کە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیرێت و سزای داراییش دەدرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، "ئەو ئۆتۆمبیلانەی بە قوڕ دادەپۆشرێن یان ژمارەکەیان دەشارنەوە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و سزای داراییش دەدرێن."
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وردەکاریی سزاکانی ئاشکرا کرد و گوتی: ئەگەر جامەکانی ئۆتۆمبێل بە قوڕ داپۆشرابێت، وەک ئەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە بەبێ ڕەزامەندی جامەکانی ڕەش کردبێت و ئەگەر تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل داپۆشرابێت، شۆفێرەکە سزای شاردنەوەی تابلۆ و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆی دەدرێت.
سەبارەت بەو کەسانەی گۆڕانکاری لە ڕەنگ و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەکەن، عەقید هێمن حەمەد ڕوونیکردەوە و دەڵێت: ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕەنگەکەیان لە بریقەدارەوە بۆ مات دەگۆڕدرێت، کارێکی ڕێپێدراوە، بە مەرجێک خاوەنەکەی نووسراوێک لە وەزارەتی ناوخۆ بهێنێت و ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ وەربگرێت.
سەبارەت بە دەستکاریکردنی مۆدێلی ئۆتۆمبێل، گوتەبێژەی هاتوچۆ ڕایگەیاند، گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلیش بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، ڕێپێدراوە. ئەمەش بە هەمان مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەی هاتوچۆ دەبێت.