ڕێگای هەولێر-بەحرکە کرایەوە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕێگای نێوان هەولێر و بەحرکە دەکرێتەوە و چەند ڕۆژێکی دیکەش ڕێگای خەبات هەولێر دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.
دووشەممە، 18ی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: گوژمەی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە نزیکەی یەک ملیار و 900 ملیۆن دینارە، دەشڵێت: دوای نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە، هەرزوو لەلایەن تیمی ئەندازەی هاتوچۆ هێڵکاریی بۆ شەقامەکە کرا، بەمەش ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە دەکات و بەشێک لە جەنجاڵیەکانی ناو شاریش کەم دەکاتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، هەمان کۆمپانیای جێبەجێکار ڕێگای خەبات جێبەجێ دەکات و تاوەکوو سێ ڕۆژی دیکە سایدی هاتن لە خەبات بۆ هەولێر بە ڕووی شۆفێران دەکرێتەوە، دواتر ڕەنگە هەفتەیەکی دیکە شەقامەکە بەتەواوی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان و دەکرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، تێچووی شەقامەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووە، هیوادارین خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیانی شاری هەولێر بکرێت.
ئومێد خۆشناو لەبارەی دیداری ساڵانەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پارێزگارەکان کە دوێنێ بەڕێوەچوو گوتی، باس لە کارەکانی ئەو چەند ساڵانەی دوایی پارێزگای هەولێر کرا کە لە ساڵی 2021ەوە تاوەکوو ئێستا، بەبەهای دوو ترلیۆن و 300 ملیار دینار پرۆژە لە هەولێر کراوە.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوبوونی بەشێکی زۆر لەو پڕۆژانە هەولێر بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت.
پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە، لە دیدارەکەی دوێنێدا، هەڵوەستە لەسەر دۆخی دارایی هاووڵاتییانیش کرا لە بارەی ئەو پیشێڵکارییە دەستوورییانەی کە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، هەروەها سەرۆک وەزیران و تیمی دانوستکاری حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆیانداوە بۆ مسۆگەرکردنی مافی ڕەوای هاووڵاتییان.