شارەزایەکی کەشناسیی: ئەمساڵ کوردستان دوور دەبێت لە وشکە ساڵی
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، بەپێی پێشبینیەکان، یەکەم شەپۆلی باران بارین لەناوەڕاستی مانگی 10(تشرینی یەکەم)، دەست پێبدەکات و سەرەتای دەستپێکی باران بارینیش لە ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، محەمەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ناوەڕاستی مانگی 10(تشرینی یەکەم)، شەپۆلی باران بارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت، ساڵێکی باراناوی بێت بەراورد بە ساڵی 2024.
گوتیشی: ئەمساڵ کوردستان دوور دەبێت لە وشکەساڵی، لەڕووی دەغڵودانەوە هەمووی پێدەگات، هیچ ترسێک لەسەر کشتوکاڵ و ناچەکانی کوردستان نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا قەرەبووی ساڵی 2024 دەکرێتەوە، بەجۆرێک زۆرترین باران لە مانگی کانوونی یەکەم دەبێت.
لەبارەی دڵنیایی بۆ پێشبینی باران بارین، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت: ئێستا دەریا و زەریاکان چالاک و گەرمن، ئەمەش نیشانەیەکی زۆر باشە کە پێشبینی بکەین ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لەساڵی 2024، بەهۆی کەمی باران بارین و وشکە ساڵی، چەندین پۆندو بەنداو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق وشکیان کرد و لەڕووی کشتووکاڵیەوە ساڵێکی بەپیت نەبوو بۆ جووتیاران.