بزووتنەوەی نوجەبا: لەوانەیە لە هەر ساتێکدا هێرش بکرێتە سەر عێراق

ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی نوجەبا (ئەرشیف)
ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی نوجەبا (ئەرشیف)

بزووتنەوەی نووجەبا ڕایدەگەیەنێت، لەوانەیە بەمزووانە هێرش بکرێتە سەر بەرەی مقاوەمە لە عێراق. دووپاتیشی دەکاتەوە "چەکی گرووپە چەکدارەکان تەنانەت ئەگەر ئەمەریکییەکانیش بکشێنەوە، ڕادەست ناکرێتەوە."

مەهدی کەعبی، ئەندامی بزووتنەوەی نوجەبا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 

لەبارەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان، کەعبی ڕایگەیاند: "چەکی بەرەی مقاوەمە، نە لە لوبنان و نە لە عێراق ڕادەست ناکرێت؛  تەنانەت بە کشانەوەی ئەمەریکییەکانیش هەر دەمێنێتەوە و ڕادەست ناکرێت." جەختی لەوەش کردەوە "مەترسییەکانی دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕەوان".

ئەو ئەندامەی بزووتنەوەی نوجەبا پێی وایە "ئەمەریکا لە حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان دەترسێت" و ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە سیخوڕەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەناسین و دەزانین لە کۆتاییدا چی ڕوودەدات."

هێرشکردنە سەر عێراق و پشتیوانکردنی ئێران

کەعبی بەبێ ئەوەی لایەنی هێرشکار ئاشکرا بکات،  باسی لەوە کرد "زانیاریمان هەیە کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا عێراق بکرێتە ئامانج، بە تایبەت بەرەی مقاوەمە". ئەوەشی خستەڕوو "لەوانەیە دوای حزبوڵڵای لوبنانی، نۆرەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بێت؛ شەڕێکی ڕاگەیەندراو لەلایەن وڵاتانی زلهێز و تەنانەت ئەوانەی دیکەش، لە دژی بەرەی مقاوەمە هەیە".

لەبارەی پشتیوانیی گرووپە چەکدارەکان بۆ ئێران، کەعبی باسی لەوە کرد "بڕیاری بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە شەڕ لەگەڵ ئێراندا لە کاتی خۆیدا دیاری دەکرێت".

لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کە ئەمەریکا و بەشێکی وڵاتان دژایەتیی دەکەن، کەعبی ڕایگەیاند، پڕۆژەیاساکە "پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت بە شێوەیەکی یاسایی ڕێکدەخات" و جەختی لەوە کردەوە "دەستێوەردانی باڵیۆزەکان لە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیدا سووکایەتیکردنە بە سەروەریی دەوڵەت".

بزووتنەوەی نوجەبا لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە

بزووتنەوەی نوجەبا، میلیشیایەکی شیعەی عێراقییە و بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی. ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی 2013 لەلایەن 'ئەکرەم کەعبی'ـەوە دامەزراوە، کە پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردەکانی عەسائیب 'ئەهلی حەق'. 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 بزووتنەوەی نوجەبا و دامەزرێنەرەکەی، ئەکرەم کەعبی، خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.