فەلەکناسێك: ئەستێرەی گەلاوێژ دەرکەوتووە و چلهی هاوین بهرهو كۆتایی دهچێت
فەلەکناسێك دەڵێت: ئەستێرەی گەلاوێژ دەرکەوتووە، بەڵام دەرکەوتنی هیچ پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا نییە؛ هاوكات گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پلەکانی گەرما دادەبەزن.
ئەژی چەتۆ، فەلەکناس، ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەستێرەی گەلاوێژ لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووز لەگەڵ خۆرهەڵاتنی بەیانییان هەڵدێت، بەڵام نابینرێت، ڕۆژانە خولەکێک زیاتر هەڵدێت، تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئاب نیو کاتژمێر زووتر هەڵدێت، بۆیە ئهو کاتی دەردەکەوێت.
ئەژی چەتۆ گوتی: هەرچەندە دەرکەوتنی هیچ پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوانییە، بەڵام لەگەڵ هەڵاتنی ئەو ئەستێرەیە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی نزیکی لە خۆرەوە، هەروەها شەو و ڕۆژیش هاوتا دەبنەوە، سێبەرەکانیش درێژ دەبنەوە، بەتایبەتی لە دەشت و گوندەکان زیاتر هەستی پێ دەکرێت.
ئەو فەلەکناسە ئاماژەی بەوە کرد، ئەستێرەی گەلاوێژ لە خۆر ڕووناککترە، بەڵام بچووکترە.
ئەستێرەی گەلاوێژ لەناو کوردەواریدا وا پێناسه کراوە، بە دەرکەوتنی مانای کۆتایی هاتنی چلەی هاوین دێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و کەش بەرەو فێنکی دەڕوات.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە نزم دەبنەوە. گوتیشی: پلەکانی گەرما لە بەیانی و ئێوارەدا، دوو بۆ سێ پلە نزمتر دەبن لەگەڵ پلەی گەرمی لە نیوەڕۆدا، پێشبینیش دەکرێت هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دابەزن.