شوان کەلاری: 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادەیە بۆ رادەستکردن

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان تورکیا و عێراق هەیە نیمچە ڕێککەوتنێکیش کراوە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی بەرانبەر حکوومەتی عێراق نواندووە.

شوان کەلاری ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025،  بە کوردستان 24 رایگەیاند: لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە دەق ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە هەرێمی کوردستان 230 بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەهۆی بە ئامانج گرتنی کێڵگەکان هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە ئامادە بکات، هەریەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ ناتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەو بڕە کەمتر وەربگرن.

هەروەها جەختی کردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان تورکیا و عێراق هەیە و تا ڕادەیەک رێککەوتنێکیش لەمبارەوە کراوە .

شوان کەلاری گوتی : هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرانبەر حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە و 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادەیە بۆ رادەستکردن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لێژنەی تایبەتی حکوومەت پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لە پرسی مووچە دەکرێت.

باسی  لەوەش کرد، هیچ شتێک لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە بیکات، لەپێناو مووچەی مووچەخۆران هەرێمی کوردستان نەرمییەکی زۆری نواندووە، بۆیە ئومێد دەکەن بگەنە ڕێککەوتن.