"پایتەختی نەورۆز" پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی گەشتیارییەوە
دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قەزای ئاکرێ وەک "پایتەختی نەورۆز" دەستنیشان کرا، شارەکە خۆی بۆ میوانداریکردنی ئاهەنگە فەرمییەکانی نەورۆز لە ساڵانی داهاتوودا ئامادە دەکات.
ئاهەنگی ساڵانەی نەورۆز بە بەشداریی بەرپرسانی باڵا
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەمەودوا ساڵانە یادی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی لە ئاکرێ و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی حکوومی، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان دەکرێتەوە.
بە گوتەی ئەمین سەلیم، بۆ ئەم مەبەستە، شوێنی سەرەکیی یادەکە لە "سەرێ گری"ـی ئاکرێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ بینای ڕۆشنبیری و ڕادیۆی ئاکرێ و بورجەکان لادەبرێن و لە شوێنیاندا هۆڵێکی گەورە دروست دەکرێت. هەروەها، پەیکەری کاوەی ئاسنگەر وەک هێمایەک بۆ یادی نەورۆز دادەنرێت.
پڕۆژەیەکی گەشتیاریی ستراتیژی بە گوژمەی 150 ملیۆن دۆلار
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە ئاکرێ، پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری بە گوژمەی 150 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 446 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 88 دۆنم دەستی پێکردووە و بریتییە لە دروستکردنی هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە، ئەکواپارک و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل. ئەم پڕۆژەیە توانای لەخۆگرتنی دوو هەزار و 500 گەشتیاری دەبێت، کە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ کێشەی کەمیی شوێنی مانەوەی گەشتیاران لە شارەکەدا.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ جەختی لەوە کردەوە، تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە ئاکرێ دەکاتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و "کەمپینێک بۆ گەشتیاران" کە بتوانن لێیەوە سەردانی شارەکانی دیکەی وەک دهۆک و هەولێر بکەن.
ئاکرێ کە مێژوویەکی دێرینی لە بواری گەشتیاریدا هەیە و لە ساڵی 1940ـەوە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، بەهۆی ئەم پڕۆژانەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی گەشتیارییەوە.
پێشبینی دەکرێت ناساندنی ئاکرێ وەک پایتەختی نەورۆز و جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان، ببێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.