خاوەنی نوێی کتێبخانەی عەزیز گەردی: ئامادەین کتێبخانەکە بدەینە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
برازا و خاوەنی نوێی کتێبخانەی عەزیز گەردی ڕایدەگەیەنێت، ئامادەن کتێبخانەکە بدەنە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی بکرێتە موڵکی گشتی یان مۆزەخانەیەک بە ناوی مامییەوە.
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، هێژا بەکر، برازای نووسەر و وەرگێڕی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا کتێبخانەکەی مامی بە بڕی 136 ملیۆن دینار کڕیوەتەوە.
زیادکردنەکە ڕۆژی یەکشەممە، 17ی ئابی 2025، بەڕێوەچوو؛ کتێبخانەکە کە لە 18 هەزار و 514 کتێب و هەزار و 938 گۆڤار پێکهاتووە، بە هێژا بەکر فرۆشرا. ئەو گوتی "دەمانویست خۆمان سەرپەرشتی بکەین و بیپارێزین؛ خەڵکانێکی دیکە هەبوون ویستوویانە کتێبخانەکە بکڕنەوە، بەڵام بنەماڵەکەمان ڕازی نەبوون بیفرۆشین".
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، ئامادەن کتێبخانەکە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن ئەگەر بیەوێت بیکاتە موڵکی گشتی یان مۆزەخانەیەک بە ناوی د. عەزیز گەردییەوە، چونکە "عەزیز گەردی موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە."
لەلایەکی دیکەوە، سەردار سابڕ سێودین، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری و هونەری بەحرکە، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای کۆچی دوایی د. عەزیز گەردی، هەوڵ هەبووە بۆ کردنەوەی ماڵەکەی وەک "ماڵی عەزیز گەردی بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیری". بە گوتەی ئەو، ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2022، ڕەزامەندیی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ئەو مەبەستە وەرگیرابوو، بەڵام بەهۆی چەند بابەتێکەوە پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرا.
سەردار سابڕ دووپاتی کردەوە "هەرکاتێک کەسوکاری ڕەزامەندی بدەن، ئێمە ئامادەین خزمەت بە کتێبخانەی ئەو نووسەرە بکەین."
د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد و مامۆستای بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەددین؛ 6ـی حوزەیرانی 2022 کۆچی دوایی کرد.
ئەو، خاوەنی دەیان بەرهەمی نووسین و وەرگێڕان بوو و بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەدەب و زمانی کوردی دادەنرێت. گەردی کە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنابوو، ماڵەکەی لە قەزای بەحرکەی هەولێرە.