لە هەولێر 5 ئامێری پێوانەیی بۆ کەشوهەوا و پاکترکردنی ژینگە دادەنرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا پارێزگاری هەولێر بڵاوی کردەوە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی کەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە پێنج ئامێری پێوانەیی کەشوهەوا لە شاری هەولێر دابنێت. ئەم ئامێرانە بەکاردەهێنرێن بۆ پێوانەکردنی وردی کەشوهەوا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر شارێک.

هاوکات، حکوومەت چەندان ڕێکاری دیکەی بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر گرتووەتەبەر. یەکێک لە هەنگاوە دیارەکان، هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بووە. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری داخستنی 138پاڵاوگەی نایاسایی دەرچووەو تا ئێستا 59 پاڵاوگە داخراون. ئەم پاڵاوگانە بەهۆی نەبوونی پابەندبوون بە ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەکان، بە هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی هەوای شارەکە دادەنران.

لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە هەبووە. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە چەندان گەڕەکی هەولێر بووەتە هۆی لابردنی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدە ئەهلییەکان. بەپێی ئامارەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا هەزار و 260 موەلیدە لەسەر ئاستی کوردستان لابراون، کە ئەمەش کاریگەریی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی دووکەڵ و ژاوەژاو هەبووە. هەروەها ڕێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو خاوەن موەلیدانە گیراوەتەبەر کە پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن.

کۆبوونەوەی ئەم هەنگاوانە، وەک داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی مۆلیدەکان لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، وایکردووە کە ژینگەی شاری هەولێر تا ڕادەیەکی زۆر باشتر و پاکتر بێتەوە.