وەزارەتی پلاندانانی عێراق: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی هەرێم ئەرێنی بوو

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، تێیدا تاوتوێی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و داهاتی نانەوتی کرا.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، وەزیری پلاندانان، د.محەممەد عەلی تەمیم، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان شاندی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە ژمارەیەک وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هەردوولا ئامادەبوون.
ئاماژەی بەوەش داوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا کرا، لەوانە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، داهاتی نانەوتی، هەروەها تەوتینکردنی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە لە گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە. بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە هەموو مەرج و پێداویستییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەڕێگەی ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) جێبەجێکراون. هەروەها بڕیار درا گفتوگۆکان بۆ تەواوکردنی ئەو مەرجانەی کە ماونەتەوە و پەیوەندییان بە پرسەکانی ترەوە هەیە، بەردەوام بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی وەزاریی حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد.
دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 گوتی: کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا هەردوو شاند گفتوگۆ بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی هاوبەش لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەکەن.
بڕیارە ئەم ڕەشنووسە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی.
لیژنە وەزارییەکەی حکوومەتی عێراق پێکدێت لە:
1. محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان.
2. خالید شوانی، وەزیری داد.
3. بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە.
4. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی.
5. نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا.
6. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی.
شاندی هەرێمی کوردستانیش لەم بەرپرسانە پێکدێت:
1. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
3. هەشت بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەردوو شاند لەبارەی داهاتی نانەوتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 18ـی ئابی 2025)، گەیشتە بەغدا.
"ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بەغدایە بۆ ناردنی مووچە"
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە تەکنیکییەکاندا جێبەجێ کردووە.
زێباری نووسیویەتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی جێبەجێ کردووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکوومەتی عێراقە" تاوەکو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی (حوزەیران)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.