بەمزووانە پۆلیسی گەشتیاریی لە ناوچە گەشتیارییەکان دەستبەکار دەبن
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی شوێنە گەشتیارییەکان؛ بۆ یەکەمجار پۆلیسی گەشتیاریی دادەمەزرێنرێت.
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە دامەزراندنی هێزێکی تایبەت بە ناوی "پۆلیسی گەشتیاری" بە مەبەستی چاودێریکردن و پاراستنی ئاسایشی شوێنە گەشتیارییەکان.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد، لە قۆناغی یەکەمدا 165 پۆلیس دادەمەزرێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم پۆلیسانە، لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دەبن، بەڵام ئەرک و فەرمانەکانیان لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە دیاری دەکرێت.
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتن بۆ ئەم پۆستانە ئەوەیە کە پێشکەشکاران دەبێت دەرچووی بەشە گەشتیارییەکان بن. عەبدولمەجید لەمبارەیەوە گوتی: "مەرجە ئەو کەسانەی دەبنە پۆلیسی گەشتیاری، دەرچووی بەشەکانی گەشتیاری بن، تا بتوانن مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ گەشتیاران بکەن و شارەزاییان لە کەرتی گەشتوگوزاریدا هەبێت".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار جەختی لەسەر گرنگی ئەم هەنگاوە کردەوە و زیادی کرد: "لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان پۆلیسی گەشتیاری بوونی هەیە و لە شوێنە گشتییەکاندا کاردەکەن. ئێمەش بەنیازین لە هەرێمی کوردستان کەسانی فەرمی و شارەزا لە کەرتی گەشتوگوزاردا ئامادەبن. من باوەڕم وایە دامەزراندنی ئەم پۆلیسانە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان و پاراستنی ئارامییاندا دەبێت".
پرۆسەی دامەزراندنەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم هێزە نوێیە دەستبەکاربن. دامەزراندنی پۆلیسی گەشتیاری بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ڕێکخستنەوە و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان: سروشتێکی دڵڕفێن و دەروازەیەکی کراوە بۆ گەشتیاران
هەرێمی کوردستان بەهۆی سروشتە شاخاوییە دڵڕفێنەکەی، کەشوهەوایەکی لەبار، بوونی شوێنەواری مێژوویی و ئاسایش و سەقامگیری، بووەتە یەکێک لە ناوەندە گەشتیارییە هەرە گرنگەکانی عێراق و ناوچەکە. ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی بیانییەوە ڕووی تێدەکەن.
کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە؛ بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵانە ملیۆنان گەشتیار کە زۆرینەی گەشتیاران خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی زۆریان بۆ دەکات.
پلانی ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دامەزراوەی (ڤیزت کوردستان) ئەوەیە کە تا ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیاران بگاتە 20 ملیۆن کەس.
شوێنە گەشتیارییەکان
هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە سێ هەزار شوێن و بنکەی گەشتیارییە کە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، وەک هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە، کافتریا و هاوینەهەوار. ئەم شوێنانە بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەبن:
1. شوێنەوارە مێژوویی و کەلتوورییەکان:
هەولێر: قەڵای مێژوویی هەولێر کە لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆدایە، بازاڕی قەیسەری، منارەی چۆلی (موزەفەرییە) و مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر.
سلێمانی: ئەم شارە وەک پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراوە و چەندین مۆزەخانە و شوێنی کەلتووری لەخۆدەگرێت.
2. هاوینەهەوار و سروشتی دڵڕفێن:
- پارێزگای هەولێر: هاوینەهەوارەکانی شەقڵاوە، بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ، جوندیان و چیای کۆڕەک کە تەلەفریکی لێیە و زستانانیش دەبێتە مەڵبەندێکی گرنگی گەشتیاریی زستانە.
- پارێزگای سلێمانی: هاوینەهەواری سەرچنار، دوکان، سەیرانگای ئەحمەدئاوا، کونەماسی و چیای ئەزمەڕ و گۆیژە.
- پارێزگای دهـــۆک: هاوینەهەوارەکانی ئامێدی، سیرسەنگ، سۆلاڤ و گەلی زاویتە.
3. گەشتیاریی ئایینی:
بەهۆی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان، چەندین شوێنی ئایینی گرنگ لە هەرێمدا هەن کە ساڵانە گەشتیارانی ئایینی لە سەرتاسەری جیهانەوە سەردانیان دەکەن، وەک پەرستگای لالش-ی ئێزیدییەکان.
4. پارک و ڕووبەرە سەوزاییەکان:
لە شارەکاندا چەندان پارکی گەورە و مۆدێرن هەن، وەک پارکی هەواری شار لە سلێمانی کە بە گەورەترین پارکی عێراق دادەنرێت و پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر.
پلانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتەکە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزارەوە، پلانی ستراتیژی هەیە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری بکاتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات. گرنگترین هەنگاوەکانیش بریتین لە:
- هاندانی وەبەرهێنان و دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاریی نوێ.
- بەبازاڕکردن (مارکێتینگ) بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم لە کۆڕ و پێشانگا نێودەوڵەتییەکاندا.
- گرنگیدان بە گەشتیاریی زستانە و چالاکییەکانی وەک خلیسکێنەی سەر بەفر.