وەزارەتی ڕۆشنبیری: ڕێکاری پێویست بۆ کڕینەوەی سامانی کولتووریی 'عەزیز گەردی' دەگرینەبەر

سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پرسی پاراستنی میراتی کولتووریی مامۆستای کۆچکردوو، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، عەزیز گەردی، بڵاوکردەوە. 

بەپێی ڕوونکردنەوەکە" لە ساتی کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەسەر ڕاسپاردە و بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنی ئەو سامانە مەعنەوی و کولتوورییە گەورەیەی کە مامۆستای کۆچکردوو لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە."

وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، کە پێکهاتبوون لە بریکاری وەزارەت، ڕاوێژکار، گوتەبێژ و بەرپرسی بەشی یاسایی، گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ سەرجەم میراتگرانی مامۆستا عەزیز گەردی ئەنجامداوە؛ لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە، چەندین پێشنیازیان خستووەتە بەردەم میراتگران، لەوانە:

1. کڕینەوەی تەواوی سامانی کولتووریی مامۆستا: ئەمەش کتێبخانە تایبەتەکەی و سەرجەم دەستنووس و بەرهەمە بڵاونەکراوەکانی دەگرێتەوە.

2. دامەزراندنی کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت: بە مەبەستی نمایشکردن و پاراستنی یادگاری و بەرهەمەکانی مامۆستا.

3. کڕینەوەی ماڵەکەی مامۆستای کۆچکردوو: بۆ ئەوەی بکرێتە بەشێک لە مۆزەخانەکە.

4. دامەزراندنی چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی: وەک فەرمانبەری حکوومەت بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردن لەو کتێبخانە و مۆزەخانەیەدا.

 

بەڵام وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "بەداخەوە بەهۆی بوونی ڕاجیایی لە نێوان میراتگراندا، ئەم پێشنیازانە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون." وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی میراتی ڕۆشنبیری و دەستنووسەکانی مامۆستا عەزیز گەردی وەک "موڵکی گشتی" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. 

وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی لەوەش کردووە، حکوومەت کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی مافی یاسایی بۆ پاراستن، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز گەردی، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ ئەوەی ناوی بەرز و کارە مەزنەکانی مامۆستا بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێننەوە.

لە کۆتاییدا، وەزارەت دووپاتی کردووەتەوە کە "هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ کڕینەوەی سامانی کولتووری مامۆستا عەزیز گەردی" و داوای لە میراتگران کردووە کە لە ئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییدا، هاوکاربن بۆ ئەوەی گیانی مامۆستای کۆچکردوو بە چاپکردنی بەرهەمەکانی شاد بێت و لە هەمان کاتدا مافی میراتگرەکانیش پارێزراو بێت.