بازرگانیی هەرێم: بەغدا ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی دووەمی پارەی جووتیاران نەداوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق گوژمەی دووەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و ناویان لە لیستی ئێستادا نییە.

چاوەڕوانیی جووتیاران بۆ وەرگرتنی پارەی گەنمەکانیان

سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بۆ ناردنی بڕە پارەیەکی دیکە و دابەشکردنی بەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەرببڕێت." گوتیشی: "ئێستا چاوەڕێی ناردنی گوژمە (وەجبە)ـی دووەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانین، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە."

وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا 147 هەزار و 247 تۆن و 975 کیلۆگرام گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. زۆرترین بڕی گەنم لە پارێزگای سلێمانی بووە، لە هەولێر 38 هەزار و حەوت تۆن و 85 کیلۆگرام وەرگیراوە و لە دهۆکیش 49 هەزار و 714 تۆن و 480 کیلۆگرام وەرگیراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جووتیارانی سنووری مەخموور دژی داخستنی دەرگای سایلۆکە گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

کەمکردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم

جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ بەڵام بڕیارە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق تەنها 400 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرهەمی گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە، و ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.