گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە "ئانوساتدایە" و لەبارەی داهاتی نانەوتیش "ڕێککەوتن کراوە."
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24، باسی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنە وەزارییەکەی حکوومەتی عێراق، لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی "لە كۆبوونەوەكەدا باسی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان كرا و ئەوەی پەیوەستە بەو بابەتەوە كۆتایی پێھێنراوە و دەستپێكردنەوەی ھەناردەكردنەوەی ھەرێم لە ئانوساتدایە."
هینداوی باسی لەوەش کرد "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان كرا و ڕێككەوتنێك كراوە لەنێوان ھەردوو شاندەكەدا و داھاتەكە ڕێكدەخرێنەوە، لە داھاتوودا گفتوگۆی زیاتر لەوبارەوە دەكرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ھەردوو شاندەكە دەبرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێت."
کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی وەزاریی حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد.
لیژنە وەزارییەکەی حکوومەتی عێراق پێکهاتبوو لە:
1. محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان.
2. خالید شوانی، وەزیری داد.
3. بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە.
4. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی.
5. نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا.
6. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی.
شاندی هەرێمی کوردستانیش لەم بەرپرسانە پێکهاتبوو:
1. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
3. هەشت بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی.
"ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بەغدایە بۆ ناردنی مووچە"
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە تەکنیکییەکاندا جێبەجێ کردووە.
زێباری نووسیویەتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی جێبەجێ کردووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکوومەتی عێراقە" تاوەکو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی (حوزەیران)ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.