نیوەی هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی پارەی کارەبای مانگی تەممووزیان کەمتر بۆ هاتووەتەوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە پرۆژەی ڕووناکی نیوەی هاوبەشانی ماڵان لە مانگی تەممووز کەمتر لە 28 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە
سێشەممە 19ـی ئابی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی پسوولەی کارەبای مانگی تەممووزی ماڵان و بازرگانی کەمترین پارە دەدەن.
لە مانگی تەممووزدا ، پسوولەی کارەبا لە شاری سلێمانی کەمترین بوون لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەهۆی پاڵپشتی حکوومی دابینکراو و لەگەڵ گەیشتنی پرۆژەی ڕووناکی بە ناوەندی شاری سلێمانی کە زۆرترین هاوبەشانی نوێی ناو پرۆژەکە لە خۆ دەگرت لە مانگی شەش.
خشتەی یەکەم: بڕی پسوولەی نیوەی هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ مانگی شەش لە پرۆژەی ڕووناکی کەمترە لە:
خشتەی دووەم: ژمارەی هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان لە پرۆژەی ڕووناکی بەپێی شارەکان:
تاوەکوو ئەمڕۆ، زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی کە یەکسانە بەنزیکەی 40%ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە .
بەپێی داتاکانی پرۆژەی ڕووناکی، 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026, هەروەها جێگای باسە کە ناو سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.