پاریس لە ژێر مەترسیدایە

کۆرۆنا پایتەختی فەرەنسای مەترسیدار کردووە

K24- هەولێر:

رەنگە هەفتەی داهاتوو قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لە پاریس بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا رابگەینرێت.

ئۆلیڤەر ڤێران، وەزیری تەندروستی فەرەنسا رایگەیاند، زۆربوونی حاڵەتەکان هێڵە سوورەکانی بڕیووە و مەترسییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان.

راشیگەیاند، رۆژی یەکشەممە بڕیار لەبارەی رێکارە نوێەکان دەدەین و هیچ رێگایەکمان نییە جگە لە تووندکردنی رێکارەکان.

ئوریلیەن رۆسۆ، بەرپرسی بەشی تەندروستی پاریس بە رادیۆی فرەنس ئینتەری راگەیاندووە، لە ئێستادا 34% ئەو کەسانەی لە فەرەنسا لەسەر قەرەوێڵەی چاودێری چڕن، تووشبووانی کۆرۆنان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە، بۆ هەر 100 هەزار کەسێکیان، 450 کەسیان تووشی کۆرۆنا بوون.

لە فەرەنسا 577 هەزار و 505 حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کراوە؛ لەو ژمارەیەش، 32 هەزار  و 19 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 448 هەزار کەسیشیان چاکبوونەتەوە.