گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: ڕاچێتەی سوور تایبەت بە هەندێک دەرمان دروست دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا توانیویانە ڕێژەیەکی بەرچاوی دەرمانی نایاسایی و کوالێتی خراپ لە بازاڕەکان کۆنترۆڵ بکەن، هاوکات بۆ یەکەم جار ئاشکراشی کرد، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە وەزارەتی تەندروستی خەریکی دروست کردنی ڕاچێتەی سوورن کە تایبەت دەبێت بەو دەرمانانەی کە بۆ حاڵەتێکی تایبەت بەکار دەهێنرێن.

چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان بووە، بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێکی جددی گیراونەتە بەر و توانیومانە بۆ ئاستێکی باش دەرمانی کوالێتی خراپ و بەسەرچوو و نایاسایی کۆنترۆڵی بکەین.

دەشڵێت، فەرمانگەی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان، لیژنەکانی چاودێری بازاڕ و لیژنە پشکنینەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆییەکان، گرووپێک پێکهێنراوە و ڕۆژانە سەردانی شوێنە گشتییەکان دەکەن و پشکنین بۆ کوالێتی و دەرمانی بەسەرچوو دەکەن.

سەرکار سورچی ئاماژەشی دا، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێک دەرمانی تایبەت بە دەروونی و بێ هۆشکەر، لەمەو دوا ڕاچێتەی سوور دروست دەکەن و لەو دەرمانانە دەدرێن کە کۆنترۆڵکران و تەنیا لە ژووری نەشتەرگەری و یەکەی چاودێری چڕ و بە مۆری پزیشکی پسپۆڕ بەکار دەهێنرێن، هاوکات تەنانەت دەرمانخانەکانیش ناتوانن ئەو دەرمانانە بفرۆشن. ئەوەشی خستەڕوو، ڕاچێتەکە لە پرۆسەی جێبەجێکردن دان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی دانانی ستیکەری سەر دەرمانەکان کرد و گوتی: بەهۆی ئەو ستیکەرەوە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ڕێژەیەکی بەرچاو دەرمانی نایاسایی کۆنترۆڵ بکات.

دووپاتیشی دەکاتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک دەرمان بەبێ ڕێنمایی پزیشکی بەکارنەهێنن و لە بازاڕی ئۆنلاینەوە دەرمان نەکڕن. ئاماژەشی دا، داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ و ڕۆشنبیر کردووە، بەیەکەوە بازاڕی ئۆنلاین کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەمەش تاوەکوو ئێستا چەندین پەیجی ساختەمان داخستووە، چونکە ئەو دەرمانانە یاسایی نین. هاوکات هەر شتێک لەبارەی دەرمانەکە بگوترێت ڕاست نییە.