هه‌موو میدیا چاوی له‌سه‌ر تره‌مپه، كه‌س ئاگای له بایدن نه‌ما
"هه‌میشه شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان لای ئیداره‌ی تره‌مپ كێشه‌ی گه‌و‌ره بووه"
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له‌و كاته‌وه چاوی كامێرا و فۆكسی په‌یامنێران كه‌وته سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ كه گرته‌یه‌كی 8 چركه‌یی بڵاوكرده‌وه و بڕیاریدا بچێته نه‌خۆشخانه‌ی (والتر رێد)ی سه‌ربازی، چاوی هه‌موو میدیاكان كه‌وته تره‌مپ و كه‌س بایدنی له‌بیر نه‌ما.
رۆژنامه‌ی ی‌و ئێس توده‌ی له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ 3ی تشرینی یه‌كه‌م نووسیویه‌تی: "هه‌میشه شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان لای ئیداره‌ی تره‌مپ كێشه‌ی گه‌و‌ره بووه، به‌ڵام له‌دوای رۆیشتنی تره‌مپ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه، ئه‌مه‌ریكا و جیهان گڕیگرت له‌نێو هه‌واڵی ئه‌ودا، ئیتر روون نییه دۆخی تره‌مپ زۆر خراپه یان نا".
دۆناڵد تره‌مپ دوانیوه‌ڕۆی دوێنێ 2ی تشرینی دووه‌م به‌ر له‌وه‌ی بگوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا وتی: "دەمەوێت سوپاسی ھەموو ئەوانە بکەم کە پاڵپشتی گەورەیان کردم. من دەڕۆم بۆ نەخۆشخانەی وۆلتەر ڕید. پێموایە من زۆر باشم بەڵام دەڕۆین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەھەندێک رێوشوێنی تر. خانمی یەکەمیش دۆخی زۆر باشە، بۆیە زۆر سوپاس و پێزانیم ھەیە و ھەرگیز لەبیری ناکەم".
سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له شه‌وی 1ی تشرینی یه‌كه‌م تا هه‌نووكه چاوی میدیای ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ره. به‌مه‌ش میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا ته‌واو جۆ یایدن-یان بیرچۆته‌وه. كه دروستكردنی ئه‌م ئاتمۆسفیره به‌شێكی گه‌وره‌یه له سیاسه‌تی راوێژكاره‌كانی تره‌مپ.
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی له كۆشكی سپی، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 2ی تشرینی یه‌كه‌م، دۆناڵد تره‌مپ چاره‌سه‌رێكی ئه‌زموونیی ئومێدبه‌خشی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ڤایرۆسی وه‌رگرتووه. دواتریش به كۆپته‌ری (مارین وه‌ن) گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و پێده‌چێت چه‌ند رۆژێك له‌وێ بمێنێته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵێكی زه نیویۆرك تایمز رۆیشتنی تره‌مپ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی والته‌ر رێد ته‌نیا وه‌ك رێوشوێنی پارێزگارییه نه‌ك خراپی دۆخی ته‌ندروستی.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز رۆژی 3ی تشرینی یه‌كه‌م نووسیویه‌تی: "هیچ نیشانه‌یه‌كی دیار و ئاشكرا به سه‌رۆكه‌وه دیار نه‌بوو، له‌وكاته‌ی كه رێكه‌وتووه به‌ره‌و كۆپته‌ری مارین وه‌ن له‌ناو باخچه‌ی كۆشكی سپی، ته‌نیا ماسكی به‌ستبوو".
سه‌عات 6:30ی ئێواره كاتێك گه‌یشتۆته نزیك نه‌خۆشخانه، ئۆتۆمبێله تایبه‌ته‌كه‌ی وه‌ستاوه و گواستوویانه‌ته‌وه بۆ ناو نه‌خۆشخانه‌و تیمێكی نه‌خۆشخانه‌كه پێشوازییان لێكردووه.
به‌پێی دوو كه‌سی نزیك له تره‌مپ، كه رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمز گواستویه‌تییه‌وه ، تره‌مپ تایه‌كی كه‌م و لووتگیران و كۆكه‌یه‌كی سووكی هه‌بووه.
هه‌روه‌ها دوا به‌دوای رۆیشتنی تره‌مپ بۆ نه‌خۆشخانه، جودی دیر-گوته‌بێژی كۆشكی سپی به سی ئێن ئێن-ی وت كه سه‌رۆك پلانی نه‌بووه ده‌سه‌ڵاته‌كانی بگوازێته‌وه بۆ مایك پێنس -ی جێگری و وتیشی: "سه‌رۆك به‌رپرسه". جودی ده‌شڵێت: "سه‌رۆك چه‌ند نیشانه‌یه‌كی ئاسایی هه‌یه".
هه‌وره‌ها د. شۆن كۆنلی دكتۆری تایبه‌تی تره‌مپ، به زه واشنگتن پۆست-ی وتووه كه سه‌رۆك تێكه‌ڵه‌یه‌كی له (ئه‌نتی به‌دی) پێشكه‌وتووی پێدراوه كه دروستكراوی كۆمپانیای بایۆته‌كنۆلۆژی (رینجیرۆن)ه و تێكه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ته و به‌هۆیه‌وه ئاستی ڤایرۆسه‌كه له‌ناو له‌شدا كه‌مده‌كاته‌وه له‌سه‌ره‌تای تووشبووندا.
دۆناڵد تره‌مپ شه‌وی رابردوو 1ی نشرینی یه‌كه‌م به‌كاتی واشنتۆن له تویتێكدا نووسیبووی كه خۆی و خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا تووشی كۆڤید-19 بوون و پێكه‌وه له كۆشكی سپی خۆیان كه‌ره‌نتینه كردووه.
ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه هات كه میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا بڵاویانكرده‌وه كه یه‌كێك له راوێژكاره نزیكه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووه كه ئه‌ویش هۆب هێكس-ه.
دیموكراته‌كان هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ تره‌مپ ده‌خوازن به‌ڵام ره‌خنه‌یان له ره‌فتاری سه‌ره‌ڕۆییانه‌ی تره‌مپ هه‌یه به‌رامبه‌ر په‌تاكه و ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ن كه هه‌ڵوێستی تره‌مپ چۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ر په‌تاكه له ئایینده‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ی 32 رۆژی ئاینده‌دا.
هه‌روه‌ها جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی 2020 كه رۆژی 29ی سێپتێمبه‌ر گفتوگۆی توندی له‌گه‌ڵ تره‌مپ كرد له‌سه‌ر كۆرۆنا ڤایرۆس، ئه‌و پێیوابوو كه تووش نابێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جۆ بایدن له‌گه‌ڵ جێڵ بایدن -ی خێزانی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی گراند راپیدز له‌ویلایه‌تی میشیگان ئێواره‌ی دوێنێ 2ی تشرینی یه‌كه‌م، هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ی بۆ ترمپ و خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا خواست و وتی: "ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی نییه، ئێمه بیره‌وه‌رییه‌كی به‌هێز له نێوانماندایه هه‌یه و كۆرۆنا ڤایرۆس دژی هه‌موو گه‌لی ئه‌مه‌ریكایه".