ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر دادوەرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند
ئەمەریکا بە تۆمەتی ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و وڵاتەکەی، سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک دادوەر و داواکاری گشتی سەپاند، دادگاکەش لای خۆیەوە سەرکۆنەی بڕیارەکە دەکات و ئیسرائیلیش پێشوازی لێ دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، ئەمەریکا سزای بەسەر چوار دادوەر و داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند، کە لەنێویاندا دادەوەری فەرەنسا و کەنەدا هەن، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی دادگاکە، بەتایبەتی لەسەر ئەو هەنگاوانەی دژی ئیسرائیل گرتوویەتییە بەر.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دادگاکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و بووەتە ئامرازێک بۆ شەڕی یاسایی دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانە نزیکەکەمان، ئیسرائیل.
باسی لەوەش کردووە، چوار دادوەر کراونەتە ئامانج، کە هەوڵیان داوە بەبێ ڕەزامەندی لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بکەن یان دادگاییان بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لەو چوار دادوەرە، نیکۆلاس گیلۆی فەرەنسییە، کە سەرپەرشتی دۆسیەیەک دەکات کە تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرچووە.
هاوکات دادوەرێکی دیکەی کەنەدی بە ناوی کیمبەرلی پرۆست کە لە نێو سزادراوەکان دایە، بەشدار بووە لە دۆسیەیەکدا کە ڕێگەی بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی دایە کە گوایە لە کاتی شەڕی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون.
هەروەها دوو جێگری داواکاری گشتی، کە ئەوانیش نەزهەت شەمیم خان لە فیجی و مام مەندیای نیانگ لە سەنیگال سزایان بەسەر سەپێنراوە. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەو دوو داواکاری گشتییە بەهۆی پشتگیریکردن لە هەنگاوە نایاساییەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل، لە وانەش پشتگیریکردنیان لە فەرمانەکانی دەستگیرکردن دژی ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، سزا دراون.
ئاماژەشی داوە، بەپێی سزاکان، ئەو دادوەرانە ڕێگریان لێ دەکرێت بچنە ئەو وڵاتە و سەروەت و سامانەکەشیان بلۆک دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر چوار دادوەری دیکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاندبوو.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی: گوێ بە هەڕەشەکان نادەین و لە ئەرکەکەمان بەردەوام دەبین
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی سزا نوێیەکانی ئەمەریکای دەکات و ئاماژەی داوە، ئەم سزایانە هێرشێکی ئاشکران لە دژی سەربەخۆیی دامەزراوەیەکی دادوەری بێلایەن، باسی لەوەش دەکات، پشتگیری دادوەرەکان دەکەن.
جەختیشی کردەوە، دادگاکە لە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت ، بەبێ گوێدانە هیچ سنووردارکردن، فشار یان هەڕەشەیەک.
ئیسرائیل پێشوازی لە سزاکان دەکات
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دادوەرانە پیرۆزبایی لە مارکۆ ڕوبیۆ، دەکات، و ئاماژەی داوە، ئەمە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی و گرنگە لە دژی هەڵمەتی ناوزڕاندن و لێدوانی ناڕاست دژی ئیسرائیل و سوپاکەی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناتانیاهۆ لە مانگی تشرینی دووەمی 2024ـەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ دەرچووە.
فەرەنسا: بڕیارەکە دژی سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەرییە
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دوو دادوەر و داواکاری گشتی دیکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا پیشاندا، کە یەکێکیان خەڵکی فەرەنسایە و ڕایگەیاند، سزاکان، لەنێویاندا ئەوانەی دژی دادوەری فەرەنسی نیکۆلاس گیلۆ، پێچەوانەی بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە.