پەیامنێری کوردستان24: هەولێر و بەغدا لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتوون

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، لەسەر چەندین پرس ڕێککەوتوون و هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەی نێوانیان دەست پێدەکاتەوە.

چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، هەردوولا لە بارەی چەندین پرس ڕێککەوتن.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: هەردوولا ڕێککەوتن پێداچوونەوە بە بڕی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ مانگەکانی 7 تا 12ـی ئەم ساڵ، ئەویش بە پێی جیاکردنەوە و پۆلێنبەندی ئەو داهاتە فیدراڵییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، دیلان بارزان گوتی: شاندی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق لەسەر داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕێککەوتن، بە پێی ڕێککەوتنەکە نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم ڕادەستی بەغدا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر باج و ڕسوومات ڕێکنەکەوتوون.

لە بارەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کوردستان، دیلان بارزان، ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا ڕێککەوتن تا کۆتایی ئەم ساڵ پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە تەواو بکرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تایبەت بوو بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەو بارەیەوە پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نەوتی عێراق، لە بارەی پرسی نەوت ڕێککەوتوون، بەڵام لە کۆی سێ کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە هەرێم کار دەکەن، سێ دانەیان ئامادەییان دەرنەبڕیوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە، بۆیە وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی گوتووە فشار لەو کۆمپانیانە بکەن تا هەناردەی نەوت دەست پێبکەنەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ باس لە  پرسی تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستانیش کرا لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025، لەو بارەوە دیلان بارزن، گوتی: شاندی هەرێم داوای کردووە دەرچەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم بابەتەش لە ڕێگەی یاساوە چارە بکرێت.

سەبارە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دیلان بارزان ئاشکرای کرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش (حوزەیران) دەست پێدەکات، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لە بارەوە داوە.

کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆتایی هات.

فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کۆبوونەوەکەمان باش بوو."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment