سلێمانی.. پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ تووشبووانی تالاسیمیا کرایەوە

لە سلێمانی پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ تووشبووانی تالاسیمیا کرایەوە، کە لە پێشانگەکەدا 109 تابلۆ نمایشکرابوون و نزیکەی 28ـیان لەلایەن تووشبووی تالاسیمیا شاکارەکانیان کێشابوون، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی لەو بارەوە دەڵێت، ئەو جۆرە چالاکییانە وا لە تووشبووانی تالاسیمیا دەکات وەکوو کەسێکی ئاسایی بیر بکەنەوە.
لیا عەبدوڵا، تەمەنی 14 ساڵە و لە شەش مانگییەوە تووشی تالاسیمیا بووە، کە خولیای وێنەکێشان هەیە، یەکەم جاریەتی بەشداری پێشانگەیەکی شێوەکاری بکات و وێنەکانی زیاتر گوزارشتن لە خۆشەویستی سروشت، بە کوردستان 24ی گوت: ئێمە وەکوو تووشبووی تالاسیمیا دەمانەوێت لە ڕێگەی وێنەکێشان و چالاکی دیکەوە هەست و ژیانی خۆمان پیشان بدەین.
تووشبووانی تالاسیمیا لە پێشانگەکە ویستوویانە لە ڕێگەی هونەرەوە دوو پەیام بگەیەنن، ئەوانیش باس کردنە لە ژیانی ڕۆژانەیان، کە لەگەڵ چارەسەری پزیشکی بەڕێی دەکەن، هاوکات ئەوەیان پیشاندا کە ئەوانیش خاوەنی بەهرەی زۆر ناوازەن، هەروەها بە سەیرکردنی و وردبوونەوە لە وێنەکان، لە دۆخی ژیانی تووشبووانی تالاسیمیا تێ دەگەیت. ئەم جۆرە چالاکییانەش بۆ ئەوان گرنگی خۆی هەیە، چونکە گرنگیدان بە بوارەکانی هونەر و لایەنی دەروونی، بەشێکە لە چارەسەر بۆیان.
کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی: ئێمە زۆر گرنگی بە بابەت و چالاکیی هونەری دەدەین بۆ تووشبووانی تالاسیمیا، چونکە وایان لێدەکات وەک کەسێکی ئاسایی خۆیان ببینن و بیر لە نەخۆشییەکانییان ناکەنەوە، بۆیە ئەو جۆرە چالاکییانە زۆر گرنگە.