ئاری ئەحمەد: لە سەدا 72ـی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو بووە

هەڵمەتێکی سەرانسەری بەستنی تەوافەی ئاوی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە 189 ملیار دینار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەورووبەری کۆتایی ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان و کۆتای ئەمساڵ هەڵمەتێکی بەستنی تەوافی ماڵان بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لیدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەورووبەری بەگوژمەی 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و نزیکەی 72 گوند لەگەڵ قوشتەپە و شارەدێی بێستانە دەگرێتەوە. 

ئاری ئەحمەد دەڵێت: پرۆژەکە بە نزیکەیی لە سەدا 72ـی تەواو بووە و تەواوی کەلوپەلە پێویستەکانی یان گەیشتوون، لە مانگی 11یان 12دا پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

سەبارەت بەوەی ئایا سیستمی دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری قوشتەپە گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە؟بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەو گرفتەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە تەنها هێڵە سەرەکییەکان لەناو قوشتەپە دادەنرێن. هەندێکجار بەهۆی هەڵکەندن بۆ بۆرییەکان، ڕەنگە کێشە دروست ببێت، وەک شکانی بۆری. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی ئاو بۆ چەند کاتژمێرێک. بەڵام کێشە و گرفتەکان لە ژێر کۆنترۆڵدان. زۆر جار دەبینرێت لێرە و لەوێ بەهۆی هەڵکەندنەوە بۆرییەک شکاوە، کە هی هاوبەشی هاووڵاتیانە، پێویستە ئاوەکە بگیرێتەوە تاوەکو چارەسەر دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، گوندەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پێوەری ئاویان نییە. بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا دانانی پێوەری ئاو بۆ گوندەکانیش دەبێتە بابەتێکی پێویست و لە هەموو شوێنێک ئیجباری دەکرێت و ئەوانەی کە حکوومەت ئاویان بۆ دابین دەکات، پێویستە بە پێوەری ئاو مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

سەبارەت بە پلانی هەڵمەتی دانانی تەوافەی تانکی ئاوی ماڵان، ئاری ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، لە مانگی 11و 12دا هەڵمەتێکی گشتیی ڕادەگەیەنین. لە ڕێگەی ئیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەوە هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە لە گرنگی دانانی تەوافەی ئاو لەسەر تانکی ماڵەکانیان، بۆ ئەوەی ئاو بەهەدەر نەڕوات لە ڕێگەی سەرڕێژبوونی تانکییەکانەوە. لە ماوەی چەند مانگێکدا وا دەکەین کە زۆربەی هاووڵاتیان، ئەگەر هەمووشیان نەبێت، تەوافەی ئاو ببەستن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.

پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەورووبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت، كە كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment