ڕووسیا بە 614 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا

میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاویان کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو سوپای ڕووسیا هێرشێکی فراوان و بەربڵاویان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک و لە هێرشەکاندا، 614 درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی بەکارهێناوە، ئاماژەیان بەوەش دا، ماوەی مانگێکە هێرشی لەمجۆرەی نەکردووە.
میدیاکانی ئۆکرانیا لە سەر زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاویان کردەوە، هێرشەکانی ڕووسیا تاوەکوو کاتژمێر 07:52 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بەردەوامبووە و چەند شارێکی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا شاری لڤیڤە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئاماری فەرمی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە.
ماکسیم کۆزیتسکی، فەرماندەی سەربازیی سنووری شاری لڤیڤ لە کەناڵی تێلێگرام ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشێکی درۆن و مووشەکی کروز لە شاری لڤیڤ، کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش برینداربوون".
گوتیشی: "بەدەیان باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە".
سەرەڕای کۆبوونەوەکانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ پوتن و سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ڕووسیا و ئۆکرانیا، سوپای ڕووسیا داگیرکردنی سێ شارۆچکەی نوێی لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و دنیپرۆپێترۆڤسکی ناوەندی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، مۆسکۆ هۆشداریدا لەوەی هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە گەرەنتی ئاسایشی ڕۆژئاوای ڕووسیا "ئۆکرانیا" لەلایەن وڵاتانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و هەڵوێستی مۆسکۆ لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوا هەوڵەکان بێ ئەنجام دەبن.
لەمبارەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، گەلەکۆمەی ئاسایشی بەبێ ڕووسیا نابێتە چارەسەر.
لەبارەی دیداری پوتن و زێلێنسکی بۆ ئاگربەست و ئاشتی ئاماژەیداوە، هیچ بەڵێنێک نییە بۆ ئەوەی لەم نزیکانە دیداری لەمشێوەی بکرێت؛ گوتیشی: ئەگەر کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەش بڕیاری لێبدرێت، دەبێت بە وریاییەوە ئامادەکاریی بۆ بکرێت.
لە 24ی شوباتی 2022دا، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی جەنگەکەدا، تاوەکوو ئێستا بە نێوەندگیری تورکیا، سێ گەڕی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوون، بەڵام جگە لە ئاڵوگۆڕکردنی ژمارەیەک دیلی جەنگ لە نێوان هەردوو وڵات و گەڕاندنەوەی ژمارەیەک منداڵی ئۆکرانیی لە ڕووسیاوە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئاشتی نەکراوە.