بۆ یەکەمجار بەشی 'سی تی سکان' لە چۆمان کرایەوە

بۆ یەکەمجار، بەشی 'سی تی سکان' لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان کرایەوە و وەزیری تەندروستیش ڕایدەگەیەنێت، ئامێرەکە یەکێکە لە نوێترین جۆرەکانی سی تی سکان لە ڕووی وردی، ژمارەی تیشک و خێراییەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە قەزای چۆمان، بەشی سی تی سکان لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان کرایەوە. 

وەزیری تەندروستی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دابینکردنی ئەم ئامێرە نوێیە بەشێکە لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان. وەکوو خۆی گوتی "ئامێرەکە کە بە گوژمەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار کڕدراوە، یەکێکە لە نوێترین جۆرەکانی سی تی سکان لەڕووی وردی، ژمارەی تیشک و خێراییەوە."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێرەکە توانای گرتنی وێنەی تیشکیی دڵ (میفراس)یشی هەیە، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە تاوەکو بەر لە ئەنجامدانی قەستەرە سوودی لێ وەربگرن.

د. سامان بەرزنجی جەختی لەوەش کردەوە، لە ئێستادا زۆربەی پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە قەزا و ناحیەکانی کوردستان بەردەستن و چەندین جۆری نەشتەرگەری وەک شکان و منداڵبوون لە چۆمان ئەنجام دەدرێن.

سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی، د. سامان بەرزنجی گوتی: "وێڕای قەیرانی داراییش، توانراوە زیاتر لە 18 سەنتەری پسپۆڕی، 31 نەخۆشخانە و 32 بنکەی تەندروستی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروست بکرێن و کارکردنیش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بەردەوامە."